بارەگای خاتەمولئەنبیا: کشانەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی ئەمریکا سەلماندی هێزەکەیان پووچە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای ئێران دەڵێ، کشانەوەی لەناکاوی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جێراڵد فۆرد) لە ناوچەکە، نیشانەی لاوازیی هێزی ئەمریکایە و دەڵێت، هێزە چەکدارەکانی ئێران ئامادەی وەشاندنی هێزی کاریگەرن لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە.
 
ئەمڕۆ هەینی، ئیبراهیم زوڵفەقاری، گوتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیا گوتی: "کشانەوەی لەناکاوی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆردی سوپای ئەمریکا لە مەیدانی جەنگ و شکستهێنانی لە پشتیوانیکردنی سەربازە ماندوو و شکستخواردووەکانیان، سەلماندی کە دەسەڵاتی ستەمکاران فشۆڵ و پووچە".
 
زوڵفەقاری گوتی، ئەمڕۆ پرسیار بۆ رای گشتی جیهان دروست بووە کە بۆچی دەبێت کەشتییەکی جەنگیی 13 ملیار دۆلاری، لە چەند بەلەمێکی خێرای چەند هەزار دۆلاریی هێزەکانی بەرگری بترسێت و لە تەنگەی بابولمەندەب دووربکەوێتەوە؟
 
گوتەبێژەکەی بارەگای خاتەمولئەنبیا باسی لەوەش کرد کە هەمان دۆخی "لەرزۆک" بۆ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (ئەبراهام لینکن) لە زەریای هیند دروست بووە، هۆشداریشی دا کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە مەیدانی جەنگدا چاوەڕوانن تاوەکو کاردانەوە و "سوپرایزە دەریاییەکانیان نیشانی ئەمریکییەکان بدەن".
 
رۆژی 12ی ئەم مانگە ئاگر لە بەشی جلشۆردنی کەشتی جێراڵد فۆرد کەوتەوە و سوپای ئەمریکا دەڵێ، ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە جەنگ و بەئامانجگرتنی کەشتییەکەوە لە لایەن هێزەکانی ئێرانەوە نەبووە. 
 
بەڵام ئاگرکەوتنەوەکەوە بووە هۆی ئەوەی کەشتییەکە بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکە بەرەو کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان بکشێتەوە.