رێکخراوێک: بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە 3000 کەس لە ئێران کوژران
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ ئامارێکی نوێ لەبارەی کوژراوانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 20 رۆژی جەنگدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون کە لانیکەم هەزار و 394ـیان سڤیلن.
پێنجشەممە 19-03-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هێرانا) دوایین هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکای بۆ سەر ئێران و زیانەکانی هێرشەکان بڵاو کردەوە و رایگەیاند، تەنیا لە 24 کاژێری رابردوودا لانیکەم 70 هێرش کراوەتە سەر 12 پارێزگای ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی هێرانا، هێرشەکانی ئەو 24 کاژێرە، لانیکەم 75 کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە کە 30ـیان سڤیلن.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە سەرەتای جەنگەوە هەزار و 394 کەسی سڤیل کوژراون کە 210ـیان منداڵن.
هاوکات لەو ماوەیەدا هەزار و 153 کەس لە هێزە ئەمنییەکان کوژران و تاوەکو ئێستا 639 کوژراویش نەناسراونەتەوە.
جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە 21ـەم رۆژەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.