گوتەبێژی سوپای پاسداران کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، کوژرانی عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژ و جێگری پەیوەندییە گشتییەکانی سوپاکەی راگەیاند و دەڵێت، لە هێرشێکی ئەمریکا/ئیسرائیدا کوژراوە.
رۆژی هەیینی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپاکە لە بەرەبەیانی دوایین رۆژی مانگی رەمەزاندا، لە ئەنجامی هێرشێکی "ناجوامێرانە" گیانی لەدەستداوە. سوپای پاسداران سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنەماڵەکەی و هێزە چەکدارەکان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نائینی زیاتر لە 40 ساڵ لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی سوپای پاسداران خزمەتی کردووە؛ بەتایبەت لە بواری "راگەیاندنی جەنگ" لە کاتی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران و دواتر لە بواری بەدۆکومێنتکردنی مێژووی "بەرگریی پیرۆز".
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە نائینی لە دوو ساڵی رابردوودا وەک گوتەبێژی فەرمیی سوپای پاسداران، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، بەتایبەت لە کاتی ئۆپەراسیۆنە مووشەکییەکانی "وەعدی سادق"ـی 2، 3 و 4 بۆ سەر ئیسرائیل.
سوپای پاسداران، عەلی محەممەد نائینی وەک خاوەن "تیۆریی نوێ و مۆدێلی کارا" لە بواری "جەنگی نەرم" و "جەنگی مەعریفی" دژی وڵاتانی رۆژئاوا وەسف دەکات و دەڵێت: "نەخشەڕێگەکانی ئەو دەبنە رێنوێنیکەری ئەفسەرانی سوپا لە رووبەڕووبوونەوەی ئیستکباری جیهانیدا."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکە، سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە درێژەپێدەری رێگەی نائینی و براکەی دەبن (کە پێشتر ئەویش کوژراوە) و دەڵێت: "هەرگیز رێگە نادەین دەنگی شکۆداری سوپای پاسداران لە دڵی بڕواداراندا ببرێت و کەلێن بخرێتە نێو هێزی نەرم و مەعنەویی سوپا."