قایمقامی بەندەر لەنگە: لە هێرشێکدا 16 کەشتیی بارهەڵگر سووتان
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی بەندەر لەنگەی پارێزگای هورمزگان دەڵێت، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر شارە بەندەرییەکە، لانیکەم 16 کەشتی سووتاون.
رۆژی هەینی 20-03-2026، فوئاد مورادزادە، قایمقامی بەندەر لەنگەی سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشەکانی دوێنێ شەو و بەرەباینی ئەمڕۆی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر لەنگەرگەی بەندەرەکە، زیانێکی زۆر بەر کەشتییە بارهەڵگرەکان کەتووە.
بەگوتەی فوئاد مورادزادە، لە هێرشەکەدا 16 کەشتی بە تەواوی سووتاون کە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی سڤیلی شارەکە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی کە لەکاتی بۆردوومانەکە بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵێکی زۆر چەند ناوچەیەکی بەندەر لەنگە و لەنگەرگەی بەندەرەکە بەرز دەبێتەوە.