بەرگریی ئێران 200 درۆنی ستراتیژی دەداتە سوپا


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، سەروو 200 درۆنی نوێی بۆ سوپا دابینکردووە کە دەتوانرێت مووشەک و سیستمی ئەلیکترۆنیی جەنگییان لەسەر جێگیر بکرێت. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی نیسانی 2023، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، لە رێوڕەسمێکدا محەممەد رەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران "سەروو 200 مووشەکی دوورمەودای ستراتیژی" رادەستی عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی سوپای ئێران کردووە. 
 
میدیای ئێران دەڵێت، درۆنەکان لەلایەن وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەوە دروستکراون و بەو جۆرە دیزاینکراون کە ئەرکەکانی چاودێریکردن و بۆردوومانکردن بەجێبگەیەنن و دەتوانن مووشەک بهاوێژن. 
 
هەریەکە لە ئەمریکا و یەكێتیی ئەوروپا بەهۆی پڕۆگرامە درۆنییەکەیەوە سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندووە؛ رۆژئاوا بەردەوام ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە درۆن دەداتە رووسیا بۆ ئەوەی لە جەنگی ئۆکراینادا بەکاری بهێنێت. هەرچی تارانە بە هەموو شێوەیەک ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە کە "پێش دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا" درۆنی بە رووسیا فرۆشتووە. 
 
رۆژی چوارشەممە 19ـی نیسانی 2023، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سزایان بەسەر چەند کۆمپانیایەکی بواری ئەلیکترۆنی لە ئێراندا سەپاندووە. جگە لەو کۆمپانیا ئێرانیانە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند کۆمپانیایەکی دیکەی مالیزی، هۆنگ کۆنگی و چینی سزایان خراوەتە سەر کە لە دروستکردنی درۆندا هاوکاریی ئێرانیان کردووە. 
 
کۆمپانیا سزادراوەکان ناتوانن هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکەن و هەر کۆمپانیایەکی ئەمریکیش مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا سزادراوەکان بکات، دەچێتە لیستی سزادراوەکان، ئەمە وەک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسی دەکات.
 
بەگوێرەی پەیمانگای ئاشتی ئەمریکی، ئێران زیاتر لە 10 جۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەیە کە خۆی لە درۆنی چاودێریکردن، درۆنی هێرشکردن و درۆنی خۆکوژیدا دەبینێتەوە، بەڵام تائێستا ژمارەی درۆنە ئێرانییەکان ئاشکرا نەکراوە.