سەرچاوەیەک: ئێران بە مەرجی ئامادەبوونی ڤانس شاند دەنێرێتە ئیسلامئاباد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئێرانییەوە رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەکاری دەکات رۆژی سێشەممە شاندێک رەوانەی شاری ئیسلامئاباد لە پاکستان بکات بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسە ئێرانییەکان، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و کەسایەتیی دیاری سیاسی و سەربازیی وڵاتەکە، تەنیا بەو مەرجە سەرۆکایەتیی شاندەکەی تاران دەکات بۆ پاکستان "ئەگەر جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بەشداری لە گفتوگۆکاندا بکات."
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارە جەی دی ڤانس رۆژی سێشەممە واشنتن بەرەو ئیسلامئاباد جێبهێڵێت. بەهۆی ئەوەی گەشتەکەی ئەمریکا بۆ پاکستان کاتێکی زۆری پێویستە، شاندە ئێرانییەکە دەرفەتی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی بە کاتی گونجاو لە تارانەوە بگەنە شوێنی دانوستاندنەکان.
دووریی نێوان واشنتن دی سی و ئیسلامئاباد 11 هەزار و 400 کیلۆمەترە و گەشتی فڕۆکە لە نێوان 18 بۆ 22 کاژێری پێدەچێت. دووریی نێوان تاران و ئیسلامئابادیش هەزار و 190 کیلۆمەترە و گەشتێکی دوو کاژێر و نیویی فڕۆکەی پێویستە.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو جێگرەکەی بەشداری لەم گەڕەی گفتوگۆکاندا ناکات بەهۆی "نیگەرانیی ئەمنی،" بەڵام دواتر کۆشکی سپی پشتڕاستی کردەوە، ڤانس دەڕوات. بەمەش تاران و واشنتن خەریکن جارێکی دیکە رووبەڕوو دادەنیشنەوە پێش ئەوەی مۆڵەتی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەیان لە رۆژی چوارشەممەدا کۆتایی پێ بێت.