پزیشکیان: ئەمریکا دەیەوێت خۆمان بەدەستەوە بدەین
رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایدەگەیێنێت، کاربەدەستانی ئەمریکا دەیانەوێت گەلی ئێران "خۆیان بەدەستەوە بدەن"، بەڵام دەڵێت، وڵاتەکەی ناچێتە ژێر باری هیچ گوشارێک.
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و رایگەیاند: "پابەندبوون بە بەڵێنەکان، بنەمای دروستیی هەر گفتوگۆیەکە، بەڵام ئەو رێبازە نابنیاتنەر و دژبەیەکانەی کاربەدەستانی ئەمریکا لەم چەند رۆژەی دواییدا گرتوویانەتە بەر، هەڵگری پەیامێکی تاڵە."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، بێمتمانەییەکی قووڵی مێژوویی لە تاران بەرامبەر بە رەفتارەکانی حکومەتی ئەمریکا هەیە و گوتی: "ئەمریکییەکان خوازیاری خۆبەدەستەوەدانی خەڵکی ئێرانن، بەڵام گەلی ئێران ناچنە ژێر باری زۆرەوە."
ئەم لێدوانە تووندەی پزیشکیان لەکاتێکدایە، رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز'ی ئەمریکی لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئێرانییەوە ئاشکرای کردووە، تاران ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە شاندێک رەوانەی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بکات، بە مەبەستی بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتیی شاندە ئێرانییەکە دەکات، بەڵام مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانە هەیە؛ قالیباف تەنیا ئەو کاتە دەچێتە پاکستان کە "جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەشداری لە دانوستاندنەکاندا بکات."
سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لەبارەی دانوستاندن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەموو جۆرە پلانێکی بۆ گەڕی نوێی گفتوگۆکان رەتکردەوە و رایگەیاند: "هیچ متمانەیەک لەنێوان تاران و واشنتندا نییە و هیچ بەرنامەیەکیشمان بۆ قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکان نییە."