تەنگەی هورمز؛ گرێکوێرەیەک کە ململانێی ئێران و ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکات


رووداو دیجیتاڵ

تەنگەی هورمز، ئەو ڕێڕۆ ئاوییە ستراتیژییەی جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئێستا بووەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی و سەربازی کە هیچ ئاسۆیەکی بۆ کردنەوەی نییە. تاران جەخت لەسەر بەردەوامیی داخستنی دەکاتەوە و واشنتنیش گەمارۆکانی توندتر کردووە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "ئێمە هێشتا لە دۆخی شەڕداین، هەرچەندە بە رواڵەت ئاگربەست ڕاگەیێندراوە، بەڵام بەداخەوە هەر لە سەرەتاوە rووبەڕووی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بووینەتەوە."
 
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی بەندەر و کەشتییە ئێرانییەکان دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و گوتی: "تاوەکو ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ناتوانین بە شێوەیەکی تاکلایەنە باس لە ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز بکەین."
 
لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەدات تێپەڕ بن. لە بەرامبەردا، ئەمریکا ماوەی هەفتەیەکە گەمارۆیەکی تووندی خستووەتە سەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران.
 
لە نوێترین پێشهاتیشدا، هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێراندا گرتووە کە هەوڵی دابوو گەمارۆ دەریاییەکە بشکێنێت.
 
مستەفا خۆش‌چێشم، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی دۆخەکەوە دەڵێت: "دووژمن گەمارۆکەی تووندتر کردووە، ئێستاش هێرش دەکاتە سەر کەشتییەکانمان و هێزی زیاتر دەهێنێتە ناوچەکە؛ ئەوەتا دیمەنەکان راستییەکە دەسەلمێنن."
 
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، پاکستان ئامادەکاری دەکات بۆ نێوەندگیری و دەسپێکردنی خولێکی نوێی دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش 20ی نیسانی وەک دوا وادە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دیاری کردووە، بەڵام پرسی تەنگەی هورمز بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە.
 
ئێران لە نوێترین هەڵوێستیدا رایگەیاندووە، تاوەکو گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لە دژی وڵاتەکەی بەردەوام بن، هیچ پلانێکیان بۆ چوونە سەر مێزی دانوستاندن نییە.