لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران: بڕیاری بەردەوامیدان بە دانوستاندن دراوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، پێویستە لە دانوستاندنەکاندا رێز لە هێڵە سوورەکانیان بگیرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاری بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی بڕیاری بەردەوامیدانی داوە بە گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا، ''بەڵام ئەمە بە واتای دانوستاندن بە هەر نرخێک نییە.''
 
ئیبراهیم عەزیزی گوتی: ''ئێران هەندێک هێڵی سووری هەیە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن و دانوستاندنەکان تەنیا لە چوارچێوەی ئەم بنەمایانەدا بکرێن."
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، حکومەتی وڵاتەکەی ئەم گفتوگۆیانە بە "درێژکراوەی گۆڕەپانی جەنگ" دەزانێت و بڕیارەکانیان تەنیا لەسەر بنەمای "بەرژەوەندی و ئاسایشی نیشتمانی" دەدرێن.
 
قسەکانی ئیبراهیم عەزیزی لەکاتێکدان، دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێوارەی یەکشەممە نوێنەرەکانی لە ئیسلامئاباد دەبن بۆ گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لەگەڵ ئێران.
 
هاوکات بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، تیمی ئێرانی جەختی کردووەتەوە کە تاوەکو ئەو کاتەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ گەمارۆدانی دەریایی ئێران و بەندەرەکانی بەردەوام بێت، هیچ دانوستاندنێکی نوێ لە ئارادا نابێت.