گوتەبێژی حکومەتی ئێران: دیپلۆماسی و مەیدان تەواوکەری یەکدین و ئاسایشی خۆراکیش جێگیرە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێ، ستراتیژیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەسەر بنەمای یەکگرتنی "دیپلۆماسی و گۆڕەپان"ـە؛ دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییان کە سەرەڕای گەمارۆ دەریاییەکان، هیچ کێشەیەکی دابینکردنی خۆراک نییە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "دیپلۆماسیی ئێمە درێژکراوەی گۆڕەپانە و هەردوو ستراتیژییەکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان پێویستن؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهێزکردنی تیمی دانوستاندنکار، بەتایبەت کاتێک یەکێک لە فەرماندە سەربازییەکان سەرۆکایەتیی دەکات، هەنگاوێکی پێویستە و لەگەڵ رێنماییەکانی رێبەری باڵا بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی دەگونجێت.
موهاجەرانی باسی لەوە کرد، هەموو ئەوانەی لە مەیدانی جەنگ یان لە گۆڕەپانی دیپلۆماسیدا کاردەکەن، ئامانجیان بەدیهێنانی شکۆی نیشتمانی و ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامییە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی حکومەت تیشکی خستە سەر دۆخی بژێویی خەڵک و گوتی: "وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی داوە کە سەرەڕای گوشار، سزاکان و گەمارۆ دەریاییەکان، زنجیرەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی وڵات بە تەواوی جێگیرە و هیچ گرفتێکمان لەم بوارەدا نییە."
موهاجەرانی سوپاسی هاووڵاتییانی کرد کە "بە هۆشیارییەوە" مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکە کردووە. لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخیشەوە گوتی: "حکومەت لە گرانیی بازاڕ ئاگادارە. سەرەڕای چاکسازییە ئابوورییەکان و گۆڕانکارییەکانی بەهای دراو لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، ژووری چاودێریی بازرگانی چاودێرییەکانی تووندتر دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخەکان."
گوتەبێژی حکومەتی ئێران چەند بڕیارێکی نوێی بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووانی جەنگ و دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتییان راگەیاند؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی بەکارهێنانی "کۆبۆنی ئەلیکترۆنی" بۆ 15 رۆژی دیکە درێژکراوەتەوە.
فاتیمە موهاجەرانی رایگەیاند: "وەزارەتی رێگاوبان و شارسازی، خزمەتگوزارییەکانی ئەندازیاری و مۆڵەتی بیناسازی بەخۆڕایی پێشکێش بەو یەکانە دەکات کە لە ئەنجامی جەنگی سەپێندراوی سێیەمدا وێران بوون."
بۆ دۆخی بژێویی و دابینکردنی خۆراک، موهاجەرانی ئاماژەی بەوە کرد کە زنجیرەی ئاسایشی خۆراک بە تەواوی پارێزراوە و گوتی: "سەرەڕای گەمارۆ دەریاییەکان و گوشارەکان، هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی خۆراکدا نییە. هەروەها بڕیاردرا ماوەی بەکارهێنانی کۆبۆنی ئەلیکترۆنی کە بڕیاربوو کۆتایی ئەم مانگە تەواو بێت، تاوەکو 14ی ئایاری 2026 درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی سوودمەند نەبووبوون، بتوانن بەکاریبهێنن."
گوتەبێژی حکومەت دەستخۆشی لە کارمەندانی تەندروستی کرد کە لەم ماوەیەدا "قارەمانانە" خزمەتیان کردووە و گوتی، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ پاراستنی بەرهەمهێنان و دابینکردنی کەرەستەی خاو بۆ کارگەکانی وڵات تاوەکو زیان بە هەلی کار و بژێویی کرێکاران نەگات.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕدا زیان بە دەیان بنکەی پۆستی گەیشتووە، بەڵام پرۆسەی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە.
موهاجەرانی گوتی: "بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆژیای زانیاری، لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی سەپێنراوی سێیەمەوە 56 بنکە لە 14 پارێزگای جیاوازی وڵات زیانیان بەرکەوتووە و لەکارکەوتوون."
موهاجەرانی ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەو زیانانە، کەرتی پۆستە توانیویەتی پەککەوتنی کارەکان تێپەڕێنێت و گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 16 ملیۆن خزمەتگوزاریی پۆستی پێشکەش بە 11 ملیۆن هاووڵاتی کراون."
بەپێی گوتەبێژی حکومەتی ئێران، بۆ راییکردنی ئەو کارانە لەم دۆخە نائاساییەدا 17 هەزار فەرمانبەر بە شێوەی راستەوخۆ و 10 هەزار کەسی دیکەش بە ناڕاستەوخۆ لە بەردەوامبوونی کارەکاندا بەشداربوون.