خامنەیی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران پێنج رۆژ ماتەمینیی گشتی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیان، رێبەری باڵای ئێران پێنج رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیاند.
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ئەمڕۆ (دووشەممە، 20-5-2024) لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری سەرۆککۆماری ئێران و گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینانی، رایگەیاند "لەم رووداوەدا گەلی ئێران خزمەتگوزارێکی پڕبایەخی لەدەستدا."
خامنەیی هەروەها رایگەیاند "پێنج رۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیێنم و پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی ئازیزی ئێران دەکەم."
دوای گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، محەممەد موخبیر، جێگری یەکەمی لەپێشترین بژاردەبوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی ببێتە سەرۆککۆمار.
رێبەری باڵای ئێران کە بەپێی دەستوور بڕیاری کۆتایی لای ئەوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی سەرۆککۆمار لە ئەگەری رووداوی هاوشێوە، رایگەیاند دەسەڵاتی بە محەممەد موخبیر دا.
خامنەیی گوتی "بەڕێز موخبیر بەپێی مادەی 131ـی دەستوور، پۆستی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردنی پێدەدرێت و دەبێ بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی داد، ئامادەکاری بکەن لە 50 رۆژی داهاتوودا سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت."