وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هەواڵی تایبەت بە راگرتنی دانوستاندنەکان دوورە لە راستییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "هەواڵی تایبەت بە راگرتنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا دوورە لە راستییەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا کاتی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان دیاری نەکراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئایاری 2025 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، گوایە دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا راگیراوە، هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە.
 
بەقایی گوتی، "هێشتا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان نەدراوە. کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستە دژبەیەک و بەردەوام گۆڕاوەکانی لایەنی ئەمریکی، پێداچوونەوە بەو بابەتەدا دەکات."
 
ئەوەش لە کاتیکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران هەواڵی لەو جۆرە بڵاوکرایەوە، گوایە ئێران دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکا راگرتووە.
 
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لەنێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوون.