بۆرسەی تاران دوای 80 رۆژ جەنگ کرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای راگرتنی بۆ ماوەی 80 رۆژ، بازاڕی بۆرسەی تاران رۆژی سێشەممە کرایەوە.
 
بازاڕی بۆرسەی تاران لە 28ی شوباتەوە، کاتێک جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل دژی ئێران هەڵگیرسا، بە شێوەیەکی کاتی داخرا.
 
حوجەتوڵڵا سەیدی، سەرۆکی رێکخراوی بۆرسە و کاخەزە داراییەکانی ئێران رایگەیاند، زیاتر لە 500 کۆمپانیا کە توانیویانە راپۆرتە داراییەکانیان پێشکێش بکەن، رێگەیان پێدراوە لە رۆژی یەکەمدا دەست بە مامەڵە بکەن، هەرچەندە پشکی هەندێک کۆمپانیا کە بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە هێشتا راگیراون و مامەڵە بە پشکەکانیانەوە ناکرێت.
 
زیاتر لە 40 کۆمپانیاش لە ئێران، کە زۆربەیان لە کەرتەکانی کیمیایی و کانزا بنەڕەتییەکانن، بەهۆی زیانەکانی پەیوەست بە جەنگەوە هێشتا دەستیان بە مامەڵەکردن نەکردووەتەوە.
 
سەیدی ئاماژەی بە سەختیی بارودۆخی دارایی و ئابووریی ئێران دا، بەتایبەتی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە زیانی بە بەکارهێنەری ئێرانی داوە.
 
سەرەڕای ئەوە، سەرۆکی رێکخراوی بۆرسە و کاخەزە داراییەکانی ئێران دەڵێت، "خۆشبەختانە، راپۆرتە داراییەکان و بودجەی کۆمپانیاکان ئەوە نیشان دەدەن کە دوو لەسەر سێی کۆمپانیاکان بارودۆخیان باشە و بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە بازاڕەکە."