جێگری سەرۆککۆماری ئێران: ئامادەین بۆ دانوستاندن، بەڵام سەر دانانەوێنین
رووداو دیجیتاڵ
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن دەڵێ، ئێران لەگەڵ گفتوگۆیە و ئامادەیە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکادا بکات، بەڵام هیچ کاتێک سەر دانانەوێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن لە سەردانێکدا بۆ بارەگای مانگی سووری ئێران لە تاران گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا ئاماژەی بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا و هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەمریکی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی نوێ و دەستپێکردنەوەی شەڕ کرد.
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا رایگەیاند، "لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا نین، بەڵام لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا، هێزە چەکدارەکانمان تاوەکو دوایین خاڵ و دوایین دڵۆپی خوێن دەوەستن."
قائیمپەنا گوتی، "ئێمە لەگەڵ دانوستاندن و گفتوگۆداین، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان و مافی تاک بە تاکی گەلی ئێراندا."
جێگری سەرۆککۆماری ئێران گوتی، "هەرچەندە بۆ بەرژەوەندی و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی ئێران ئامادەی دانوستانین، بەڵام هیچ کاتێک سەر دانانەوێنین."
ئەم قسانەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە دوای هەڕەشەی نوێی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دێت. رۆژی سێشەممە 19-05-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، رەنگە ناچاربن گورزێکی دیکەی گەورە لە ئێران بدەن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەبارەی ئەگەری روودانی جەنگێکی نوێ هۆشداری دایە ئەمریکا.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دڵنیابن گەڕانەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگ، سوپرایزی زۆر زیاتری بەدوایدا دێت."
دەقی قسەکانی محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن:
ئێمە لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا نین بەڵام لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکدا، رۆڵەکانی ئەم ئاو و خاکە، هێزە چەکدارە ئازیزەکانمان وەستاون، تا کۆتا خاڵی توانایی و تا دوا دڵۆپی خوێن، و پێویستە ئێوە لەگەڵ تاک بە تاکی گەلی ئێراندا دەستەویەخە ببن. بە دڵنیاییەکی تەواوەوە بزانن ئێمە لەگەڵ دانوستاندن و گفتوگۆداین، بەڵام لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان و مافی تاک بە تاکی گەلی ئێراندا. ئەگەر دانوستان دەکەین بۆ بەرژەوەندی و بۆ بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلی ئێرانە، بەڵام هیچ کاتێک چۆک دانادەین.