راپۆرتێک: ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانویست مەحموود ئەحمەدینەژاد بکەنە کەسی یەکەمی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگی ئێراندا پلانێکی نهێنییان هەبوو بۆ ئەوەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران لە دەستبەسەریی ماڵەکەی رزگاربکەن و بیگەڕێننەوە سەر دەسەڵات. دۆناڵد ترەمپ پێیوابوو کە باشترە "کەسێک لە نێوخۆی ئێران" وڵاتەکە بەڕێوەببات و ئەو کەسەش کە لە مێشکیدا بوو، ئەحمەدینەژاد بوو.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم پلانە لە یەکەم رۆژی جەنگدا تێکچوو. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئەحمەدینەژاد لە تاران بەو ئامانجەی ئەو پاسەوانانە بکوژن کە لە دەوری ماڵەکەی بوون و دەستبەسەریان کردبوو. لەو هێرشەدا ئەحمەدینەژاد بریندار بوو و پاش ئەوەی لەو مەترسییە رزگاری بوو، تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا نەبینراوە و کەس نازانێت لە کوێیە و باری تەندرووستی چۆنە.
 
بۆچی ئەحمەدینەژاد؟
 
هەڵبژاردنی ئەحمەدینەژاد بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێرانی نوێ بابەتیکی سەیر بوو، چونکە لە ساڵانی سەرۆکایەتی (2005-2013) بەوە دەناسرا کە دەیگوت دەبێت "ئیسرائیل لەسەر نەخشە بسڕدرێتەوە."
 
هەروەها ئەحمەدینەژاد  لایەنگرێکی سەرسەختی بەرنامەی ئەتۆمی و رەخنەگرێکی تووندی ئەمریکا بوو، بەڵام لە ساڵانی دواییدا کێشەی لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران دروستکرد و بە گەندەڵی تۆمەتباری دەکردن. ئیدارەی ترەمپ پێیان وابوو ئەحمەدینەژاد کەسایەتییەکی ناسراوە و دەتوانێت دۆخی سیاسی و سەربازیی ئێران کۆنترۆڵ بکات.
 
ئانا کێلی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: "ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانئاسا) تێکشکاندنی مووشەکەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانییان بوو. سوپای ئەمریکا هەموو ئامانجەکانی پێکاوە و ئێستا نێوەندگیرەکانمان کاردەکەن بۆ رێککەوتنێک کە کۆتایی بە توانای ئەتۆمیی ئێران بهێنێت." مۆساد، دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل، ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەسەر ئەم پلانە بکات.
 
مۆدێلی ڤەنزوێلا لە تاران
 
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، دۆناڵد ترەمپ زۆر سەرسام بووە بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا. ترەمپ پێی وابوو ئەو مۆدێلەی لەوێ جێبەجێکرا و هێنانە سەرکاری دێڵسی رۆدریگێز وەک سەرۆکی نوێ کە هاوکاری کۆشکی سپییە، دەکرێ لە ئێرانیش دووبارە بکرێتەوە و ئەحمەدینەژاد بکرێتە سەرۆک.
 
سێ قۆناخی گۆڕینی رژێم

بەگوێرەی پلانی ئیسرائیل، جەنگەکە دەبوو بە سێ قۆناخدا تێپەڕێ: 

قۆناخی یەکەم: هێرشی ئاسمانی و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و هاندانی کورد بۆ شەڕی سوپا. 
 
قۆناخی دووەم: دروستکردنی ناسەقامگیریی سیاسی لە نێوخۆی وڵات. 
 
قۆناخی سێیەم: رووخانی دەسەڵات بەهۆی گوشاری زۆری سیاسی و تێکچوونی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، تاوەکو حکومەتێکی جێگرەوە بێتە سەر کار.
 
بەڵام جگە لە هێرشە ئاسمانییەکان و کوشتنی رێبەری باڵا، هیچ کام لە بەشەکانی دیکەی پلانەکە وەک ئەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانویست بەڕێوەنەچوو. ئیسرائیلییەکان پێشتر وایان دەزانی ئێران زۆر زوو دەڕووخێت، بەڵام بەرگریی ئێران لەوە زیاتر بوو کە چاوەڕێیان دەکرد.
 
مەحموود ئەحمەدینەژاد بۆ 8 ساڵ سەرۆککۆماری ئێران بوو. ئەحمەدینەژاد لە ساڵی 2019دا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و گوتی پیاوی بڕیاردانە.