ئاژانسی وزەی ئەتۆم: هێرشکردنە سەر وێستگەی بوشەهر کارەساتبار دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، هەر هێرشی راستەوخۆ بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێران، دەبێتە هۆی "بڵاوبوونەوەیەکی زۆر بەرزی تیشکدانەوە" و کارەساتێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
 
لە گوتارێکدا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رۆژی هەینی 20ی حوزەیران رایگەیاند، بوشەهر "ئەو شوێنە ئەتۆمییەی ئێرانە کە دەرئەنجامەکانی هێرشکردنە سەری دەکرێت زۆرترین مەترسییان هەبێت."
 
گرۆسی روونیکردەوە، بوشەهر وەکو وێستگەیەکی کارای وزەی ئەتۆم، "هەزاران کیلۆگرام مادەی ئەتۆمی" تێدایە و هێرشێکی راستەوخۆ یان پچڕانی کارەباکەی، کە ببێتە هۆی توانەوەی ناوکی کوورە ئەتۆمییەکە، هەردووکیان دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی بڕێکی زۆری تیشکدانەوە.
 
بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم هۆشداریی دا، خەڵک "لە دووریی سەدان کیلۆمەتر" لە وێستگەکەوە دەکەونە مەترسیی تیشکدانەوەوە. گوتیشی، لە ئەگەری هێرشێکدا، رێکاری وەکو "چۆڵکردنی ناوچەکان، بەکارهێنانی چارەسەرکردن لەڕێگەی یۆد و کۆنترۆڵکردنی خۆراک" پێویست دەبن.
 
گرۆسی ئاماژەی بەوەش دا، شوێنی جوگرافیی وێستگەکە لە باشووری ئێران، وایکردووە لە پایتەختی چەندین وڵاتی هاوپەیمانی ئەمریکاوە لە ناوچەکە نزیکتر بێت تاوەکو تاران.
 
هۆشدارییەکەی گرۆسی لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەشتەمین رۆژی تێپەڕاندووە و ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی، تێکشکاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازی و ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی لە ئێران، بەڵام تائێستا هێرشی راستەوخۆی بۆسەر وێستگەی بوشەهر ئەنجام نەدراوە، کە بە گەورەترین و ستراتیژیترین وێستگەی ئەتۆمیی ئێران دادەنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. ئەم گوتانەی گرۆسی وەکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوەی جیددی سەیر دەکرێت بۆ هەموو لایەنەکان لە ئەگەری فراوانبوونی زیاتری جەنگەکە.