عەباس عێراقچی: لەسەر توانای مووشەکیمان گفتوگۆ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بۆ دانوستاندن، تەنیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی گفتوگۆ دەکەن؛ دەشڵێت، ''بە هیچ شێوەیەک لەسەر توانای مووشەکیمان لەگەڵ هیچ کەسێک گفتوگۆ ناکەین.''
ئەمڕۆ هەینی 20-06-2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا لە ژنێڤ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ''بابەتی گفتوگۆی ئێمە تەنیا بەرنامەی ئەتۆمی و پرسەکانی ناوچەکە دەبێت.''
بەگوتەی عەباس عێراقچی، ئێران لەبارەی توانای مووشەکییەوە، ''بە هیچ شێوەیەک هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ هیچ کەسێک ناکات. ئێستا گومانێک نییە کە توانای مووشەکیی ئێران، توانایەکی بەرچاوی بەرگرییە لە وڵات.''
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''هیچ کات مووشەکەکانی ئێمە بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک نەبوون، بەڵکو بۆ بەرگریکردن لە خۆمانە. ئێستا ئەوە مووشەکانمانن کە بەرگری لە وڵات دەکەن، بۆیە گفتوگۆکردن لەبارەی توانای مووشەکی لە ئەجێندای کارماندا نییە.''
جەنگی ئێران و ئیسرائیل پێی نایە هەشتەم رۆژ. بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا و بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا لە جنێڤ کۆببێتەوە.
دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت، "ئێستا دەرفەتێک هەیە" بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە پەرەسەندووەکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
گفتوگۆی وەزیری دەرەوەی ئێران و وڵاتانی ئەورووپا لەکاتێکدایە، چەند دیپلۆماتێک دەڵێن، لە ماوەی 8 رۆژی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەباس عێراقچی، چەندین جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە.
میدیای بەریتانی دەڵێت، ویتکۆڤ پێشنیازی پێشووی ئەمریکای بۆ ئێران خستووەتەوە بەرباس و داوای کردووە تۆرانیۆمی ئێران لەلایەن چەند کۆمپانیایەک لە دەرەوەی وڵاتەکە بپیتێدرێت، بەڵام عێراقچی رەتیکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، عێراقچی رایگەیاندووە، تاوەکو هێرشەکانی ئیسرائیل نەوەستێندرێن، گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێناکەنەوە.
بەگوێرەی گوتەبێژی کۆشکی سپی رۆژی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ماوەی دوو هەفتەی بە ئێران داوە بۆ دانوستان، ئەگەر سەرنەگرێت، بڕیارێکی دیکە دەدات.
دۆناڵد ترەمپ گوتویەتی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەگەرێکی بەرچاو هەیە بۆ دانوستان کە لەوانەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ ئێران ئەنجام بدرێن یان نەدرێن، من لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بڕیاری خۆم دەدەم سەبارەت بەوەی تێوەبگلێین/بەشدار بین یان نا."