وەزارەتی بەرگریی ئێران: بۆ چەند ساڵ توانای بەرگریمان هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئێران دەڵێت، بەردەوامن لە پاڵپشتی و پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان، دەشڵێت، ئەگەر جەنگی وڵاتەکە و ئیسرائیل چەندین ساڵیش درێژە بکێشێت، توانای بەرگریکردنیان هەیە.
 
ئەمڕۆ هەینی 20-06-2025، وەزارەتی بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەبارەی جەنگی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ، پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت: ''هێزە چەکدارەکانمان بۆ چەندین ساڵ پڕچەک کردوون.''
 
وەزارەتی بەرگریی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ''بە هەموو تواناوە سەرقاڵی پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانین.''
 
پەیامەکەی وەزارەتی بەرگری ئێران لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی سەربازی و حکومیی ئیسرائیل دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکە، گورزی گەورەیان لە توانا سەربازییەکان داوە.
 
جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش باس لەوە دەکەن، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و درۆنییە بەردەوامەکانیان، زیانی بەرچاو بەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل کەوتووە.
 
خۆپێشاندان لە تاران و شارەکانی دیکە
 
دوای نوێژی هەینی، دەیان هەزار کەس لە تارانی پایتەختی وڵاتەکە و شارەکانی دیکەی ئێران دژی ئیسرائیل خۆپێشاندانیان کرد و درووشمیان لە دژی ئەو وڵاتە گوتەوە. 
 
لە دیمەنەکان دا دەردەکەوێت، خۆپێشاندەران وێنەی ئەو فەرماندانەیان بەرزکردووەتەوە کە لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. 
 
هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئیسرائیل
 
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبایانیی ئەمڕۆ بە 60 فڕۆکەی جەنگی و بەکارهێنانی 120 بۆمب هێرشی کردووەتە سەر ئێران و چەندین ئامانجیان پێکاوە. لەنێویاندا ناوەندی توێژینەوەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران. سوپای پاسداران کوژرانی دوو سەربازی راگەیاند.  
 
مووشەکێکی بالیستیی ئێران باڵەخانەیەکی تەکنەلۆجی لە شاری بێرشیبا لە باشووری ئیسرائیل پێکا. فریاکەوتنی ئیسرائیل برینداربوونی 7 کەسی راگەیاند. 
 
دوایین پێشهاتەکانی ئەمڕۆ 
 
وەزیرانی دەرەوە و دیپلۆماتانی ئەورووپا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە جنێڤی سویسرا کۆدەبنەوە. تەوەری کۆبوونەوەکە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانە. 
 
ئێران ئەمڕۆ جارێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە. دەڵێن، دەبێت هێرشەکان بووەستن، ئەوکات گفتوگۆ دەکەن.