لە گوڵستانی ئێران بوومەلەرزە روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک چەند شارێکی پارێزگای گوڵستانی ئێرانی هەژاند، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئێران، بوومەلەرزەکە کە گوڕەکەی 5.1 پلە بووە بە پێوەری رێختەر، کاژێر 1:7 خولەکی یەکشەممە، 20-07-2025، بە کاتی تاران و (12:37 خولەک بەکاتی هەولێر) روویداوە.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و چەقەکەی سنووری نێوان پارێزگاکانی سمنان و گوڵستان بووە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان تائێستا بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.
مانگی سووری ئێرانی لەبارەی بوومەلەرزەکەوە رایگەیاند، تیمی لێکۆڵینەوە و فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە.
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی گورگان، گونبەدکاوس، عەلیئاباد و بەندەر گەز هەستی پێکراوە. بەپێی زانیارییەکان، فەرمانگەکانی حکومەت لە پارێزگاکانی گوڵستان و سمنان، بە تایبەت تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتن لە دۆخی ئامادەباشی دان.
هەر لەو بارەیەوە رۆژنامەی ئێعتماد لە زاری مەهدی زارعی دەڵێت: ئەگەری روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە سمنان و گوڵستان هەیە و رەنگەی گوڕەکەی بگاتە سەرووی 7 پلەی رێختەر.