نووسینگەی ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەڤانان لە تاران داخرا

رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی تاران ئەو خانووەی لە ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەڤانانی تاران وەرگرتەوە ساڵی 2021 پێی دابوون و ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی لە نووسینگەکەیان دەرکرد و نووسینگەی داخست.
 
ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەڤانانی تاران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، چەند مانگ بوو شارەوانیی تاران هەوڵی دەدا رۆژنامەڤانان لە شوێنی کارکردنیان دەربکات، بەڵام هەموو جارێک بە هەوڵ و دەستوەردانی کۆمەڵێک کەس بڕیارەکە رادەگیرا، بەڵام ئەمڕۆ بە ناردنی هێز و داخستنی دەرگاکان، چالاکیی ئەنجوومەنەکەی لەو خانووەدا راگرت.
 
ئەو ئەنجوومەنە دەڵێت، "پەیامی روونی ئەو کارەی شارەوانیی تاران ئەو پەیامەی هەیە کە عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران دەیەوێ گوشاری زیاتر بخاتە سەر رۆژنامەڤانان".
 
ئەو خانووە بە بڕیاری ئەندامانی خولی پێشووی ئەنجوومەنی شاری تاران لە ساڵی 2021 بۆ ماوەی دوو ساڵ بە کرێ درابوو بە ئەنجوومەنی پیشەیی رۆژنامەڤانی شارەکە.
 
ئیرەج ئیسلامی، سکرتێری ئەنجوومەنەکە بە میدیاکانی راگەیاند، لە پارەوە داوای نوێکردنەوەی گرێبەست دەکەن، بەڵام شارەوانی قبووڵی نەکردووە.
 
بە گوتەی ئیسلامی، بەزوویی شوێنێکی تازە بۆ کارکردنیان دیاری دەکەن، بەڵام تازە ناچنەوە نێو باڵەخانەیەک کە خاوەنەکەی شارەوانیی تاران بێت.