پزیشکیان: رووداوەکانی ئەم دواییە پڕۆژە بوون بۆ رووخاندنی دەسەڵات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا "هەڵە"یان کردووە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە ناڕەزایەتییەکان لە قۆناخێکدا گۆڕان بۆ "پڕۆژەیەک بۆ رووخاندنی دەسەڵات".
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، لەسەر پێشهات و گرژییەکانی چەند هەفتەی رابردووی وڵاتەکەی قسەی کرد و رایگەیاند: "لە خاڵێکی دیاریکراوەوە پێشهاتەکانی ئەم دواییە تەنیا ناڕەزایەتی نەبوون، بەڵکو بوونە پڕۆژەیەک، کە ئامانجی خستنی دەسەڵات بوو."
 
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردنی حکومەت، پزیشکیان گوتی: "پێویستە قبووڵی بکەین لە رەوتی بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا هەڵەمان کردووە. ئەگەر ئاگاداری هەڵەکانمان نەبین و هەوڵی راستکردنەوەیان نەدەین و تەنیا کەسانی دیکە تاوانبار بکەین، سەرکەوتوو نابین."
 
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریش دەداتە دامودەزگاکانی حکومەت و دەڵێت، کاتێک گوێ لە داخوازی و کێشەی توێژە لاوازەکان نەگیرێت، "نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە کۆمەڵگە بەرەو تووندوتیژی و دوورکەوتنەوە لە نیشتمان و دەسەڵات نەچێت."
 
پزیشکیان ئاماژەی بە راپۆرتێکی وەزارەتی ئیتڵاعات کرد و گوتی: "لە لایەن وەزیری ئیتڵاعاتەوە سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکانی ئەم دواییە راپۆرتێکمان پێگەیشتووە؛ پێویستە وردەکارییەکانی ئەو راپۆرتە سەبارەت بە هۆکار و فاکتەرەکان ئاشکرا بکرێت، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە راستی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو رووداوانە ئاگادار بێت."
 
خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 بەهۆی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد، دواتر ئاگرەکەی گەیشتە پارێزگاکانی دیکە و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) 4 هەزار و 519 کەس کوژراون، کە 197 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکانن.