هەڵاوسان لە ئێران گەیشتە 52.6٪
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسان لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرووی تێکڕای هەڵاوسانە لە ئێران.
ناوەندی ئاماری ئێران راپۆرتێکی نوێی لەبارەی هەڵاوسان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لەو وڵاتە 52.6٪ـە.
بەپێی راپۆرتەکە، هەڵاوسان لە 23 پارێزگای ئێران سەروو 52.6٪ـە و پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، لوڕستان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەنێو ئەو پارێزگایانەدان.
راپۆرتەکە دەڵێت، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە 8 پارێزگای ئێران کەمترە لە تێکڕای رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کە بریتین لە پارێزگاکانی تاران، بوشێهر، ئیسفەهان،خۆراسانی رۆژئاوا، قوم، کرمان، گیلان و هەمەدان.
ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، لە تەواوی ئێران زیاترین بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە مادە خۆراکییەکان و بە رێژەی 84٪ بووە؛ هەروەها لە مادە ناخۆراکییەکان و خزمەتگوزارییەکانیش هەڵاوسان 52.5٪بووە.
بەپێی راپۆرتەکە، تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
-ورمێ 56.6٪
-ئیلام 58.1٪
-سنە 61.6٪
-کرماشان 58.3٪
-لۆڕستان 58.9٪
رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو گرووپی مادە خۆراکییەکان و مادە ناخۆراکی و خزمەتگوزارییەکان، بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
ماددە خۆراکییەکان
-ورمێ 75.2٪
-ئیلام 65.4٪
-سنە 75.9٪
-کرماشان 71.6٪
-لوڕستان 72.2٪
مادە ناخۆراکی و خزمەتگوازییەکان
-ورمێ 49.2٪
-ئیلام 52.5٪
-سنە 51.6٪
-کرماشان 48.5٪
-لوڕستان 49.2٪
هەڵاوسان نیشانەیەکی گرنگی دۆخی ئابووریی وڵاتە. شارەزایانی ئابووریی ئێران دەڵێن، دابەزینی بەردەوامی بەهای تمەن، بەرزبوونەوەی نرخ لە بواری وەبەرهێنان، خانووبەرە و ئۆتۆمبێل، نیشانی دەدات حکومەت لە بواری ئابووریدا سەرکەوتوو نەبووە.