بێخەوی، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی؛ دانیشتووانی تاران لەژێر سێبەری مەترسیی هەڵگیرسانەوەی جەنگدان
رووداو دیجیتاڵ
حەمید، خانەنشینە. سەرەڕای بەکارهێنانی دەرمان، بێخەوی شەکەتی کردووە. ئەو و زۆر لە دانیشتووانی دیکەی تاران، بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، ترس دایگرتوون. دەترسن جەنگی حوزەیرانی رابردوو دووبارە بێتەوە، ئەوە ئەزموونێکی تاڵ و دژوار بوو.
شەوی 12 لەسەر 13ی حوزەیرانی رابردوو، ئیسرائیل بە هێرشێکی کتوپڕ، ئێرانییەکانی حەپەساند، لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لە عومان ئامادە دەکرد، کە تەوەری سەرەکیی دانوستاندنەکان پرۆگرامی ئەتۆمیی بوو.
هەشت مانگ تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا پرسی پرۆگرامی ئەتۆمی بووەتە هەورێکی رەش بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تارانەوە. سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، رایگەیاند کە "10 تا 15 رۆژی" لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی بڕیار بدات ئایا دەکرێت بگەنە رێککەوتنێکی نوێ، یان لە کۆتاییدا پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز دەبات.
لە هەنگاوێکدا کە وەک چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران دەبینرا، ترەمپ رۆژی هەینی رایگەیاند کە "تاوتوێی" گورزێکی سەربازیی نوێ لە دژی ئێران دەکات.
مونا ئەحمەدوەند، کارمەند لە کەرتی تەکنەلۆجیای زانیاری، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "پێموایە هیچ رێگەیەک نییە دەربازبوون لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل."
ئەمە بۆچوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئێرانییەکانیشە کە بەردەوام دڵەڕاوکێ و ترسیان لە دەستپێکردنەوەی جەنگ هەیە، بەتایبەت لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لە حوزەیرانی رابردوو، کە دوای ململانێیەکی دوازدە رۆژە هات.
هانیەی تەمەن 31 ساڵ، کە نەیویستووە ناوی تەواوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "ئیدی ناتوانم بە شەوان بخەوم. کابووسی مەرگ یەخەم بەرنادات. درەنگ دەخەوم و درەنگیش هەڵدەستم. خەمۆکی دایگرتووم."
وەک رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی ئاستی گرژییەکان، ژمارەیەک لە دانیشتووانی تاران تەنیا بە بیستنی دەنگی هەورەبروسکەکانی بارانەکەی هەفتەی رابردوو، یان گوللـە و یارییە ئاگرینەکانی یادی 47 ساڵەی شۆڕشی ئیسلامی، وا گومانیان برد کە جەنگ هەڵگیرساوە.
ئێران هۆشداریداوە کە ئیسرائیلی دووژمنی سەرسەختی، دەبێتە ئامانجێکی رەوا بۆ مووشەکەکانی ئەگەر هێرشی بکرێتەسەر، هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش سەلامەت نابن.
ئێرانییەکان بە وردی چاودێریی گۆڕانکارییەکان دەکەن. ئەگەری هەڵگیرسان و نەگیرسانی جەنگ بووەتە بابەتی هەموو چایخانە و قاوەخانە و باسوخواسی خەڵکی سەرشەقام. دەنگۆ و پێشبینییەکان یارمەتیدەر نین؛ تەنیا دڵەڕاوکێ زیاد دەکەن.
هاووڵاتییەکی دیکەی تاران، کە ئەویش نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: "ئەمە یارییەکی بێ کۆتاییە لەگەڵ دەروونی خەڵک. رۆژێک جەنگ، رۆژێک رێککەوتن. هەموو شتێک لە کاژێرێکەوە بۆ کاژێرێکی دیکە دەگۆڕێت."
ئەوەی کە گێرەکەی زیاتر شێواندووە، کوژرانی هەزاران کەس بوو لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەسەڵات لەگەڵ پچڕانی تەواوەتی تۆڕی ئینتەرنێت کە نزیکەی سێ هەفتەی خایاند.
دەسەڵاتدارانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە زۆربەی کوژراو و برینداران ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون یان رێبوار بوون کە لەلایەن "تیرۆریستان"ـەوە کوژراون، کە گوایە لە نێو خۆپیشاندەراندا خۆیان حەشاردابوو بە فەرمانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵدەسووڕانەوە.
بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان کە بارەگاکانیان لە دەرەوەی وڵاتن، هێزە ئەمنییەکانی ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە مەبەست خۆپیشاندەرانیان کردووەتە ئامانج.
هانیە دەڵێت: "وەک ئەوە وایە ژیانم وەستابێت. ئێستا هیچ خەمێکم نییە جگە لە چاوەڕوانیی ئەوەی چی روودەدات. پێموایە جەنگ لە دوای 10 رۆژی دیکە هەڵدەگیرسێت."
بەڵام جەنجاڵی هاتوچۆ لە شەقامەکانی تاران دوای پشووی رۆژی هەینی، وێنەیەکی تەواو جیاواز نیشان دەدات. وەک جاران، پیادەکان بە زەحمەت دەتوانن رێگەیەک لە نێوان ریزەکانی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلەکاندا بدۆزنەوە تاوەکو لە شەقام بپەڕنەوە.
مونا ئەحمەدوەند ئاماژە بەوە دەکات کە بڕێکی زۆر لە خواردنی ئامادەکراوی، جگە لە بسکیت و ئاو، کڕیوە، پاتریشی لەبیر نەکردووە. جەخت دەکاتەوە کە ئێستا بۆ سیناریۆ هەرە خراپەکە، ئامادەیە.
دەشڵێت: "هیوای جەنگ ناخوازم، بەڵام نابێت سووکایەتی بەوە بکرێت کە روودەدات."
هانیەش بەشی خۆی، ئەوەندەی پێویستی بۆ ماوەی هەفتەیەک کڕیوە و پەنجەرەکانی ماڵەکەی بە باشی داخستووە. ئەو "وانەی لە جەنگی 12 رۆژەکە وەرگرتووە."