ئێران 45 کەس لە پارێزگاکانی ورمێ و قەزوین دەستگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێ، لە دوو پارێزگای وڵاتەکە 45 کەسی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکردووە، کە بەشێکیان تۆمەتبارن بە ناردنی زانیاریی سەربازی بۆ دەرەوە و بەشێکی دیکەشیان "پلانی هێرشی چەکدارییان" هەبووە.
 
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان لە پارێزگاکانی قەزوین و ورمێ 45 کەسیان دەستگیرکردووە کە بە "بەکرێگیراو و جوداخواز" ناویان دەبات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 16 کەس لە دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بەوەی "زانیاریی وردیان لەبارەی شوێنە سەربازییەکان و شوێنی گردبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لە قەزوین کۆکردووەتەوە" و بۆ کەناڵێکی ئۆپۆزیسیۆنیان ناردووە، کە تاران وەک "تۆڕێکی تیرۆریستی" ناوی بردوون.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئیتڵاعاتی ئێران دا هاتووە، شەش کەس لە دەستگیرکراوەکان ئەندامی گرووپە "جووداخوازەکان" بوون و پلانیان هەبووە هێرشی چەکداری بکەنە سەر بازگەیەکی پشکنین لە پارێزگای ورمێ، بەڵام "پێش ئەنجامدانی کردەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە و دەستگیرکراون."
 
وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەدا دەست بەسەر دوو چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گیراوە.