سوپای پاسداران: فڕۆکەیەکی ئێف شازدەی ئیسرائیلمان پێکا


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسداران رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جەنگیی ئیسرائیلییان لە جۆری ئێف شازدە لە ئاسمانی نێوەڕاستی وڵات پێکاوە. ئەوە لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران لە 28ی شوباتەوە تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی ئاداری 2026، ماڵپەڕی (سپا نیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران بڵاویکردەوە: "فڕۆکەیەکی جەنگیی دووژمن لە جۆری ئێف شازدەی سەر بە رژێمی زایۆنی، کاژێر 03:45ی بەرەبەیان لە نێوەڕاستی ئێران پێکرا."
 
سوپای ئیسرائیل پێش ئەو راگەیێندراوە گوتبووی، مووشەکێکی زەوی-بۆ-ئاسمان بە ئاراستەی فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی تەقێندراوە، بەڵام ئاماژەی بە جۆری فڕۆکەکە نەکرد. 
 
سوپای ئیسرائیل گوتی: "هیچ زیانێک بە فڕۆکەکە نەگەیشتووە." بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا هەردوو لایەن باس لە هەمان رووداو دەکەن یان نا.
 
میدیاکانی ئێران وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە دووکەڵ لە ئاسماندا پیشان دەدات و دەڵێن، فڕۆکەیەکی دیکەش کراوەتە ئامانج، بەڵام جۆرەکەی، و ئەوەیان دیاری نەکردووە کە ئایا فڕۆکەی ئیسرائیلە یان ئەمریکا. 
 
ئەم هەواڵانە دوای چەند رۆژێک دێن لەوەی سوپای پاسداران رایگەیاند، فڕۆکەیەکی جۆری ئێف سی وپێنجی ئەمریکییان لە ئاسمانی نێوەڕاستی ئێران پێکاوە و "زیانی زۆری بەرکەوتووە".
 
پەیوەست بەم بابەتە، رۆژی پێنجشەممە تۆڕی هەواڵیی CNN لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی ئێف سی و پێنجی ئەمریکی دوای ئەوەی لەلایەن "ئەوەی وا بڕوا دەکرێ تەقەی ئێرانییەکان بووبێت" پێکراوە، ناچار بووە لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بنیشێتەوە.