سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: نەوتی نێو کەشتییەکانمان هەمووی فرۆشتووە


رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ حکومەتی ئەمریکا وەکو بەشێک لە رێکارەکانی بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بڕیاریدا لێخۆشبوون بۆ کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانەوە دەربکات. لە کاردانەوەی ئەو بڕیارەدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بڕیارەکە هیچ کاریگەرییەکی نییە و پێشتر هەموو نەوتەکەیان فرۆشتبوو. 
 
رۆژی شەممە، 21ی ئاداری 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبارەی بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ لێخۆشبوون لە کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن وڵاتانەوە لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو نەوتەی ئێران کە ئێستا لە دەریادایە؟ ببورن، هەمووی فرۆشراوە" و کاریگەری نییە. 
 
بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە تاران تەنگەی هورمزی داخستووە. 
 
وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، ئێران هێرشیکردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو. بەهۆی جەنگەکە و لێکەوتەکانییەوە هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە راگیراوە. 
 
بە گوێرەی دامەزراوەی وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ رۆژانە سەروو 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا دەڕۆشت کە 20٪ی هەناردەی نەوتی رۆژانە بوو. 
 
رۆژی یەکەمی جەنگەکە بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 72 دۆلاری ئەمریکی بوو بەڵام ئێستا بە سەروو 110 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.