شارەوانیی تاران: 65%ی ئەو یەکانەی لە جەنگدا زیانی کەمیان بەرکەوتبوو، چاککراونەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سیمای جەنگ بە تەواوی بە شەقامەکانی تارانی پایتەختی ئێرانەوە دیارە، بەشێک لە دانیشتووانەکەی بە ناچاری ماڵەکانیان چۆڵ کردووە. شارەوانیی تارانیش دەڵێت، 65%ی ئەو یەکانەی لە جەنگدا زیانی کەمیان بەرکەوتبوو، چاککراونەتەوە.
 
زیاتر لە 6300 کەس کە دەکاتە 2000 خێزان، بەهۆی بۆردوومانکردنی شوقە و خانووەکانیانەوە، لە هۆتێل و موتێلەکان دەمێننەوە.
 
ژنێکی دانیشتووی تاران دەڵێت، "لە بنکەی بەسیجیان دا و لە ئەنجامدا ماڵی ئێمەش داڕما. لە شارەوانییەوە هاتن و گوتیان پێویستە چۆڵ بکرێ، ئێمەش چۆڵمان کرد و هاتینە ئێرە. ئێستاش داوایان لێدەکەین زووتر چارەنووسمان دیار بکەن. رۆژانە خواردنێک دەدەن، شوێنێکیان پێداوین، دەستیان خۆش بێت، بەڵام پێمان خۆشە زوو شتێک بزانین، ئەو برە پارەیەی دەیانەوێ بدەن با زوو بدەن، بۆ ئەوەی بتوانین ژوورێک بۆ خۆمان بە کرێ بگرین."
 
بەپێی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ئێران، لە تاران زیاتر لە 46 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانیان بەرکەوتووە.
 
شارەوانیی تارانیش دەڵێت، تەواوی تێچووی نۆژەنکردنەوەی ئەو یەکانە لە ئەستۆدەگرێ. هەر خێزانێکیش خۆی خانووەکەی چاک بکاتەوە، پارەکەی بۆ خەرج دەکرێتەوە.
 
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران رایگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ بەیانی کە راپۆرتەکەم پێگەیشت، 65٪ی زیانە سووکەکان چاککراون. چاککردنەوەی زیانە مامناوەندییەکان کە زیاتر لە 4 هەزار و 500 یەکەن دەستپێکراوەتەوە کە هیوادارین بە زووترین کات کارەکانی تەواو بکرێن. دەمێنێتەوە ئەوانەی پێویستیان بە پتەوکردن هەیە و ئەوانەی پێویستە بڕۆخێنرین و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە کە ژمارەیان زیاتر لە 2 هەزار و 600 یەکەن، کە بۆ ئەمانە ساڵێک تاوەکو دوو ساڵ کات پێویستە."
 
حکومەت رایگەیاندووە، ئاسانکاریی زیاتر بۆ زیانلێکەوتووانی شەڕ دەکات، بەتایبەت ئەوانەی دەیانەوێ خۆیان خانووەکانیان چاک بکەنەوە.
 
حەبیبوڵڵا تاهیرخانی، جێگری وەزیری ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، "کارێک کە کردوومانە ئەوەیە، ئەو خانووانەی داڕماون یان پێویستیان بە پتەوکردن هەیە،  پێویستە سەردانی شارەوانی بکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست بۆ دەستپێکردنی بونیاتنانەوە، کە خۆشبەختانە تێچووی کاروباری ئەندازیاری و مۆڵەتی دروستکردن بێ بەرامبەرە."
 
بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران، لە 40 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 125 هەزار شوێنی سڤیل لە سەرانسەری ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوتووە. وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەش رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا کاری چاککردنەوەی زیاتر لە 27 هەزار یەکەی سڤیل تەواو کراوە.