وەزیری دەرەوەی ئێران: گەمارۆدانی بەندەرەکانمان تاوانی جەنگە
رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران تاوانی جەنگە و پێشێلکردنی ئاگربەستە؛ بە بارمتەگرتنی ستافی کەشتیش پێشێلکارییە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئێران دەزانێت چۆن لە بەرامبەر "چەوساندنەوە و زۆرداری بوەستێتەوە" و دەڵێ، تاران بە باشی دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاستەنگەکان بکات و بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ لە 12ی نیسانی 2026 گەمارۆیەکی دەریایی بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران لە کەنداو راگەیاند. گەمارۆکە ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەچنە بەندەرەکانی ئێران و لێیانەوە دەردەچن.
20ی نیسانی 2026 ئەمریکا رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە زەریای هیندی، دەستی بە سەر کەشتییەکی هەڵگری نەوتی خاودا گرت کە سزای لەسەرە. ئەم کەشتییە ناوی تیفانییە و وەک بەشێک لە (کەشتیگەلی سێبەر)ی ئێران دەبینرێ.
هەروەها 19ی نیسان ئەمریکا رایگەیاند، دەستی بەسەر کەشتیەکی بازرگانی ئێرانی بە ناوی تووسکای لە دەریای عومان گرتووە.