جەنەراڵێک لەنێو دڵی بڕیار و دانوستاندنی ئێراندا؛ ئەحمەد وەحیدی کێیە و چ رۆڵێکی هەیە ؟


رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا  داهاتووی جەنگ یان دانوستاندن لەنێوان ئەمریکا و ئێران نادیارە، جەنەراڵێکی تووندڕۆوی ئێرانی کە پەیوەندیی بە هێرشە ناسراوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دەیەی رابردوودا هەیە، وا دەردەکەوێت شوێنێکی لە چەق یان ناوەندی دەسەڵاتدا گرتبێت.
 
جەنەراڵ ئەحمەد وەحیدی، سەرۆکایەتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات، بووەتە کارەکتەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی هەڵوێستە تووندەکانی ئێران لە دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئەمریکا، بەپێی میدیای ئێران ئەو بەشێکە لە گرووپێکی بچووک پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران هەیە.
 
وەکو هەموو شتەکانی دیکە، لەنێوخۆی ئێران تارادەیەک ناڕوونە لە کۆتاییدا کێ بڕیاردەرە ؟ سەرەڕای هەندێک هەڵوێستی موجتەبا خامنەیی کە بە نزیکەی 90 رۆژ دەبێ دوای کردنە ئامانجی لەگەڵ باوکی هێشتا دەرنەکەوتووە.
 
ئێستا پلە باڵاکانی ناو دەسەڵاتی ئایینیی ئێران ململانێ لەسەر دەسەڵات دەکەن، دەکرێت بە خێرایی متمانە بەدەستبهێنن یان لەدەستی بدەن. وەحیدی خۆی لە 8ـی شوباتەوە بە گشتی نەبینراوە، واتە چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی شەڕەکە، رۆژی پێنجشەممە 21-5-2026 ، میدیای ئێران ڕاپۆرتی دژبەیەکیان بڵاوکردەوە دەربارەی کۆبوونەوەی وەحیدی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان لە تاران، تێیدا پەیامێکی سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا هەڵگرتبوو، هەر هەمان وەزیر لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵای ئێرانیش کۆبووەوە.
 
وەحیدی لەمێژە لەنێو سیستەمی فەرمانڕەواییە، یارمەتیی داڕشتنی پشتگیرییەکانی ئێرانی بۆ گرووپە چەکدارەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا داوە، تۆمەتبارە بەوەی رۆڵی هەبووە لە تەقینەوەکەی ساڵی 1994ـی ناوەندێکی جووەکان لە ئەرجەنتین، لە ساڵی 2022دا سەرکردایەتیی هێزە ناوخۆییەکانی کرد لە کۆتایی هێنان بە خۆپێشاندانەکان .
 
دوای ئەوەی فەرماندەی سوپای پاسداران لە سەرەتای جەنگەوە کوژرا، وەحیدی ئەو پۆستەی وەرگرت و پلەی بەرزکرایەوە، ئەو سەرکردایەتیی بەهێزترین هێز لە ئێران دەکات، بە کۆگەیەکی گەورەی مووشەکی بالیستی و کەشتییە بچووکەکانی کە هەڕەشە لە کەشتیوانیی کەنداوی دەکەن.
 
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی شەڕ لە واشنتن رایگەیاندووە: "پێدەچێت وەحیدی و ئەندامانی بازنە نزیکەکەی، کۆنترۆڵی نەک تەنیا وەڵامە سەربازییەکانی ئێران لە ململانێکاندا، بەڵکو سیاسەتی دانوستانەکانی ئێرانیشیان کردبێت."
 
ستراتیژیی شەڕی ئێران بریتی بووە لە گرتنی تەنگەی هورمز، رێگریکردن لە هەناردەکردنی نەوت و گاز و دروستکردنی قەیرانی وزەی جیهانی،  لە هەمان کاتدا، هێرشی تووندی کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، هۆتێلەکان و ژێرخانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو.
 
لە دانوستانەکاندا، ئەو لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو خۆی گرتووە، بەو پێیەی گرەو لەسەر ئەوە دەکات دەتوانێت لەم ململانێیەدا زیاتر لە ئەمریکا بەرگە بگرێت و ترەمپ دوودڵ دەبێت لە دەستپێکردنەوەی شەڕێکی راستەوخۆ، ببێتە هۆی زیانی زیاتر بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو.
 
ئەوەش رەنگدانەوەی شێوازی رووبەڕووبوونەوەی وەحیدییە، کینێس کاتزمان، لێکۆڵەری باڵا لە گرووپی سۆوفان لە نیویۆرک دەڵێت: "ئەو لەو عەقڵییەتەوە هاتووە بڕوای بە شۆڕشی بێکۆتایی و بەرگریی بێکۆتایی هەیە." کاتزمان شارەزایەکی باڵای کاروباری ئێرانە و بۆ ماوەی 30 ساڵ راوێژکاری کۆنگرێسی ئەمریکا بووە، دەڵێت وەحیدی بڕوای وایە "پێویستە لە هەموو هەنگاوێکدا وڵاتەکەی رووبەڕووی ئەمریکا بوەستێتەوە ."
 
وەحیدی لە مانگی کانوونی دووەمدا شانازیی بەوەوە کرد هێزی بەرگریی ئێران گەشەی کردووە و وای لێهاتووە ببێتە "مەترسییەکی گەورە بۆ هەر کردەوەیەکی سەربازیی دوژمن."
 
وەحیدی ئێستا لە چەقی گفتوگۆکاندایە
 
پاکستان لە مانگی نیساندا میوانداریی گفتوگۆکانی نێوان شاندێکی ئێرانی کرد بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام بەبێ هیچ رێککەوتنێک کۆتاییهات.
 
قالیباف و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە گەڕانەوە وڵاتەکەیان و رووبەڕووی رەخنەی نێوخۆیی بوونەوە بەوەی گوایە زۆر ئامادەن بۆ سازشکردن، قالیباف ناچار بوو بە ئاشکرا جەخت بکاتەوە گفتوگۆکان پشتگیریی رێبەری باڵایان هەبووە.
 
بەرپرسێکی ناوچەکە کە ئاگاداری زانیاری و نێوەندگیری پاکستانە لەنێوان ئەمریکا و ئێران ، دەڵێت لەو کاتەوە وەحیدی بووەتە خاڵی سەرەکیی پەیوەندی بۆ ئەوانەی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکەن.
 
دەرنەکەوتن و باری تەندروستیی رێبەری باڵای ئێران، دەنگۆیەکی دروستکردووە دەربارەی ململانێی نێوان سەرکردەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە خامنەیی و کاریگەری لەسەری، لە سەرەتای مانگی ئایاردا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە زۆر کەس پێیان وایە لەلایەن پاسدارانەوە پەراوێزخراوە، گوتی :"توانیم رێبەرە ئازیزەکەمان ببینم" و بۆ ماوەی دوو کاژێر قسەی لەگەڵدا کردووە."
 
بەڵام هۆڵی داگرێس، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت: "پێدەچێت رێبەری نوێ "هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ پاسداران ، هاوشێوەی باوکی، بەڵام بە شێوەیەکی بوێرتر و بێ سازشتر."
 
کامەران بوخاری، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت:" کەسایەتییەکانی وەکو وەحیدی "تەنیا بەڕێوەبەری شەڕ نین، بەڵکو بە چالاکی خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی جێنشینی و چەسپاندنی دەسەڵاتن لە دەوری رێبەری باڵا ،بە کردەیی دەوڵەتیان لە رێگەی حوکمڕانیی قەیرانەوە کۆنترۆڵ کردووە."
 
وەحیدی لە ساڵانی سەرکردایەتیکردنی فەیلەقی قودسدا پێگەیشتووە
 
ئەحمەد وەحیدی  لە ساڵی 1958 لە شاری شیراز لە باشووری ئێران لەدایکبووە، ناوی ئەحمەد شاچراغییە، وەکو زۆربەی گەنجان، دوای شۆڕشی 1979 چووەتە نێو سوپای پاسداران و لە شەڕی نێوان عێراق  و ئێران بەشدار بووە، شەڕەکە 8 ساڵ بەردەوام بوو .
 
وەحیدی ئەوکاتە چووەتە نێو بەشی هەواڵگریی پاسداران و زۆری نەبرد سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی ئێرانی پێ سپێردرا، ئەو متمانە و  پشتیوانی  دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەدەستهێنا، لەوانە هاشمی رەفسەنجانی کە  دواتر بوو بە سەرۆککۆمار، رەفسەنجانی لە ژیاننامەی خۆیدا نووسیویەتی وەحیدی لە سکانداڵی (ئێران - کۆنترا) لە هەشتاکاندا تێوەگلاوە، تێیدا ئیدارەی رۆناڵد ریگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا چەکی بە تاران فرۆشتووە بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لەلایەن چەکدارانی پشتگیرییکراو لەلایەن ئێرانەوە لە لوبنان گیرابوون، دواتر ئەمریکا پارەکەی فرۆشتنی چەکەکانی داوەتە یاخیبووانی کۆنترا لە نیکاراگوا بەکارهێنا.
 
دواتر رەفسەنجانی دەستێوەردانی کرد بۆ پاراستنی وەحیدی کاتێک ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری باڵای ئەو کاتە، هەوڵی دا ئەندامانی پاسداران دادگەیی بکات چونکە نەیانتوانیبوو رێگری بکەن لە هێرشێکی چەکدارانی گرووپێکی ئێرانیی تاراوگە لە کۆتایی هەشتاکاندا لە کاتی شەڕەکەدا.
 
لەو کاتانەدا، وەحیدی سەرپەرشتیی فەیلەقی قودسی تازە پێکهێنراوی گرتە ئەستۆ، لە ماوەی دەیان ساڵدا، فەیلەقی قودس یارمەتیی دروستکردنی تۆڕێک لە گرووپە چەکدارە بریکارەکان و حکومەتە هاوپەیمانەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، بەپێی داواکارانی گشتی دژی سوپای پاسداران، فەیلەقی قودس لە ژێر سەرکردایەتیی وەحیدیدا یارمەتیی داڕشتنی پلانی تەقینەوەکەی ساڵی 1994ـی گەورەترین ناوەندی کۆمەڵگەی جووەکانی ئەرجەنتینی دا، تێیدا 85 کەس کوژران و 300 کەسی دیکە برینداربوون. ئێران تێوەگلانی خۆی لەو تەقینەوەیە رەتکردەوە .
 
لێکۆڵەرانی ئەمریکی هەروەها بڕوایان وایە لە سەردەمی وەحیدیدا، ئێران تەقینەوەکەی تاوەرەکانی خوبەری ساڵی 1996ـی لە سعودیە رێکخستووە، تێیدا 19 سەربازی ئەمریکی کوژران و سەتان کەسیش برینداربوون، ئێران دەستهەبوونی لەو هێرشەش رەتکردەوە .
 
وەحیدی لە ساڵی 1998 فەیلەقی قودسی بەجێهێشت، لە ساڵی 2010دا ، کاتێک وەزیری بەرگری بوو، ئەمریکا  سزای بەسەردا سەپاند بە تۆمەتی تێوەگلانی لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و هەوڵدانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی کۆکوژ.
لەم دواییانەدا، وەکو وەزیری ناوخۆ، وەحیدی سەرپەرشتیی یەکەکانی پۆلیسی کرد تێوەگلابوون لە کپکردنی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی.
 
دواتر رۆژنامەیەکی ئێرانی بەڵگەنامەیەکی نهێنیی بڵاوکردەوە دەریخست وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی وەحیدی فەرمانی بە دەزگە ئەمنییەکان کردووە چاودێریی ئەو ژنانە بکەن و وێنەیان بگرن حیجاب ناپۆشن، ئەوەش شتێک بوو پێشتر رەتیکردبووەوە بکرێت.
 
دوای ئەو راپۆرتەی رۆژنامەکەی ئێران، وەحیدی گوتی بانگەوازەکان بۆ لابردنی حیجاب "پلانێکی داگیرکاری" دوژمنانی ئێرانە، هەوڵی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی دەدەن، گوتیشی: "حیجاب بەربەستێکی گەورە بووە لە دژی پێشکەوتنی کولتووری بێسەروبەری رۆژئاوا."
 
رۆڵی وەحیدی گەیشتنی ئەمریکا بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران زۆر قورستر دەکات، هەروەها تەمومژاویبوونی بەردەوامی سەرکردایەتیی ئێرانیش بە هەمان شێوە.
 
حەمیدرەزا عەزیزی، شارەزای کاروباری ئێران لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت:" ترەمپ یەک کەسی دەوێت لە ناو ئێران بۆ دانوستان، بەڵام "تەواوی سیستەمەکە گۆڕاوە."