ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە ئێران.
 
ترەمپ دەڵێت، فڕۆکەکانمان ئاسمانی ئێرانیان جێهێشتووە و هێرشەکانیان بەسەرکەوتوویی کردوون.
 
سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بە "زۆر سەرکەوتوو" ناودەبات و دەڵیت، "بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ. هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان".
 
دەشڵێت، "هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە."
 
ئەم راگەیاندنە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا دوو کۆبوونەوەی راوێژکاری لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کرد.
 
پێشتر، ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ستراتیژی جۆری B-2ی بەرەو ناوچەکە جوڵاندبوو، کە توانای هەڵگرتنی بۆمبی حەشارگەشکێنیان هەیە. 
 
ترەمپ مۆڵەتێکی دوو هەفتەیی بۆ دیپلۆماسیەت دیاریکردبوو و رایگەیاند، خوازیاری رێگەچارەی دیپلۆماسییە، بە مەرجێک تاران سازشی گەورە بکات، بەتایبەتی لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم. بەپێی بڵاوکراوەکەی ترەمپ، وا دەردەکەوێت کە بژاردەی سەربازی جێبەجێ کراوە.
 
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیەڵ: ئێمە هێرشە زۆر سەرکەوتووەکەمان بۆ سەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواو کرد، کە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهانیان لەخۆگرتبوو. هەموو فڕۆکەکان ئێستا لە دەرەوەی ئاسمانی ئێرانن. بارێکی تەواو لە بۆمب خرایە خوارەوە بۆ سەر بنکە سەرەکییەکە، فۆردۆ. هەموو فڕۆکەکان بە سەلامەتی لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ نیشتمان. پیرۆزبایی لە جەنگاوەرە مەزنە ئەمریکییەکانمان دەکەین. هیچ سوپایەکی دیکە لە جیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات. ئێستا کاتی ئاشتییە! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە.