سوپای پاسداران: بە مووشەک و درۆن فڕۆکەخانەی بن گوریۆنمان لە تەل ئەڤیڤ کردە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە دوایین هێرشیاندا بۆسەر ئیسرائیل، درۆن و مووشەکی دوورمەودا بەکارهێندراون و فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و ناوەندی پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 21-06-2025 سوپای پاسداران لەبارەی شەپۆلی 18یەمی هێرشە مووشەکییەکانیان بۆسەر ئیسرائیل، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ناوەندی وڵاتەکە و فڕۆکەخانەی بن گوریۆن کراونەتە ئامانج.
 
بەگوتەی سوپای پاسداران، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی هێرشەکە، ناوەندی پشتیوانیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل بووە، کە "بە سەرکەوتوویی لە رێگەی ژمارەیەک درۆنی شاهید-136 و مووشەکی دوورمەودای سووتەمەنیی شل و رەق، کراوەتە ئامانج."
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، درۆنەکانی شاهید-136 نوێترین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بڕیوە و "ئیسرائیلییەکان ناچار بوون دووبارە بەرەو پەناگەکانیان هەڵبێن."
 
سوپای پاسداران جەختیشی لەوە کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنە مووشەکی و درۆنییەکانیان بە شێوەیەکی "ئامانجدار" بەردەوام دەبن.
 
 
هێرشەکە کاژێر 02:35 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کرا و لە حەیفا، تەل ئەڤیڤ و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا.
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیلیش بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران.
 
جەنگی دوو وڵاتەکە لە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.