کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی: دەستدرێژییەکانی نەتەنیاهوو ئەنجامی بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە

رووداو دیجیتاڵ

کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی دەڵێت، "دەستدرێژییەکانی نەتەنیاهوو لە ئەنجامی بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە".  لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، "خۆشبەختانە" هەر لە دەستپێکی شەڕەکە دا سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان راگەیاند.
 
ئەمڕۆ شەممە، محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاردانەوەکان لەسەر جەنگەکە قسەی کرد. 
 
محەممەد مەحموودیان باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرد و گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند."
 
کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "بەشێوەی 24 کاژێری کراوەن و هیچ کێشەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبووە."
 
دەقی قسەکانی کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی:
 
"بەداخەوە ئێران بووەتە قوربانیی دەستدرێژییەکی روون و نایاسایی رژێمی زایۆنی کە بە پاڵپشتی تەواوی ئەمریکا دەکرێت، ئێرانیش بەپێی مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، مافی رەوای بەرگریکردن لە خۆی بەکارهێناوە و بەتووندی وەڵامی هێرشەکانی ئەو رژێمە تاوانکارەی داوەتەوە.
 
هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێران کە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدان، پێشێلکردنی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکە ناوەکییەکان. ئێران جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری 487ـی ئەنجوومەنی ئاسایش لەم بارەیەوە دەکاتەوە.
لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایش پێویستە لە بارودۆخی لەم جۆرەدا بچێتە نێو قووڵایی بابەتەکەوە و دەستدرێژی بوەستێنن، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەم بوارەدا ئەرکی دەبێت.
 
نەتەنیاهوو زیاتر لە 20 ساڵە بانگەشەی درۆینەی هەوڵی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی دەخاتە بەر باس، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو رژێمە خۆی خاوەنی کەرەستەی چەکی ئەتۆم و کۆمەڵکوژە.
 
کردەوە دەستدرێژیکارانەکانی ئێستای نەتەنیاهوو، لە ئەنجامی بێهەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لە ئاست تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززەدا.
 
فێڵبازی و فرت و فێڵی ئەمریکا لەم رووداوەدا روون بووەوە، ئێستا هەموو کەس لە خراپی و دووڕوویی سەرکردەکانی واشنتن تێگەیشتوون.
 
رژێمی زایۆنی بەدوای تێوەگلانی ناوچەکە و تەواوی جیهانە لەم ناکۆکییەدا، هیوادارین ترەمپ ئەم کارە گەمژانەیەی نەتەنیاهوو تەواو نەکات و راستەوخۆ نەیەتە نێو ئەم ناکۆکی و دوژمنایەتییەوە، چونکە لەو کاتەدا بارودۆخێکی قورس چاوەڕێی دەستدرێژیکاران و ناوچەکە دەکات.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئێران خواستی پەرەسەندنی ئەم جەنگەی لە ناوچەکەدا نییە، هەروەک سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاند، تەنیا لە ئەگەری راوەستاندنی دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی، ئێران هێرشەکانی خۆی رادەگرێت.
 
نەتەنیاهوو هیواخوازبوو بە دەستپێکی هێرشکردنە سەر ئێران، ئاژاوە و نائارامی لە ئێراندا دروست ببێت، بەڵام رووبەڕووی ئەنجامی پێچەوانە بووەوە و یەکگرتوویی نەتەوەیی بە خێرایی زیادی کرد.
 
جەنگی نەتەنیاهوو جەنگی گرووپێکی تووندڕۆی جەنگخوازە، دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و شارستانێتییەتی مرۆڤایەتی؛ نەک جەنگی یەهوودییەت و ئیسلام.
 
جیهان پێویستە رێگری لە دەستکاری کردنی راستیی بکات لەلایەن رژێمی تاوانکاری زایۆنییەوە، رژێمی زایۆنی نەک تەنیا دەستدرێژی و تاوانکاری بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە، بەڵکو جەنگێکی دژی حەقیقەت و ویژدانی مرۆڤایەتی دەستپێکردووە.
 
ئەم رژێمە مناڵکوژە لە غەززە سەلماندی کە هیچ ترسێکی لە تاوانکاری نییە، لەم 9 رۆژەی جەنگەشدا لە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانە، ئەمبووڵانسەکان، میدیاکان و هاووڵاتییانی سڤیل لە ئێران جارێکی دیکە خووی دڕندانەیی خۆی پێشاندا.
 
قەوارەیەکی دەستکرد کە تەنیا نزیکەی 80 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە دروست کراوە، بەدڵنیاییەوە ناتوانێت شارستانێتییەکی دێرینی چەند هەزار ساڵە ناچار بە خۆ بەدەستدانەوە بکات.
 
لە کۆتاییدا هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناوچەکە، پێش بڵاوبوونەوەی بڵێسەی ئاگری ئەم جەنگە، هەنگاوی پێویست بنێن بۆ  راوەستاندنی رژێمی تاوانکاری زایۆنی.
 
خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکی جەنگەکەدا، لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، لەوانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، خۆشبەختانە مەرزەکان 24 کاژێر کراوەکان و هیچ گرفتێک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی رووینەداوە، هەموو بەرپرسەکانیش جەخت لە بەردەوامیی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکەنەوە.
 
هەڵوێستی عێراق و بەرپرسەکانیشیان زۆر باشە و زوو زوو راگەیێندراوی سەرکۆنەکردن بڵاودەکەنەوە، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستەنبووڵ کۆبوونەوەیان کردووە.