دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تەورێز بیستراوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای تەورێز ئێران دەنگی تەقینەوە بیستراوە، بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە دەڵێت؛ پاشماوەی جەنگ بووە تەقێنراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە، 21ی تەمموزی 2025، میدیا ناوخۆییەکانی ئێران لە زاری بەرپرسێکی سوپای ئێران رایانگەیاند، سیستەمی بەرگری لە تەورێز کەوتووتە کار و رووبەڕووی چەند درۆنێک بووتەوە.
بەپێی ئەو دەنگۆیانەی لە سۆشیاڵمیدیا بڵاوکراونەتەوە، گوایە "بە سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر بارەگای ئیتلاعات لە تەورێز و لە ئاکامی ئەو هێرشانە چەند ئەفسەرێکی پلە باڵای ئیتڵاعات کوژراون."
بەڵام مەجید فەرشی بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز رایگەیاند،" ئەو دەنگانەی لە تەورێز بیستراون، تەقاندنەوەی پاشماوە جەنگ بووە و دەنگی سیستمی بەرگری نەبووە."
لە 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و چەندین فەرماندەی باڵای ئەو وڵاتەی کوشت، هەرزوو ئێران وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و جەنگی نێوانیان 12 رۆژ بەردەوام بوو.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.