خەڵکی لوڕستان بەهۆی نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ دەچنە پارێزگاکانی دیکە

 
رووداو دیجیتاڵ

نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لە لوڕستان بووەتە کێشە بۆ خەڵک. بۆ وەرگرتنی چارەسەر خەڵک روو لە پارێزگاکانی دیکە دەکەن و لە پارێزگاکە ساڵانێکی زۆرە گلەیی دەکەن کە پزیشک و پزیشکی پسپۆڕ کەمە.
 
بەهرام دۆلفان، سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی لوڕستان دەڵێت، "لە شاری خوڕماوە لە ناوەندی پارێزگای لوڕستاندا تەنیا چەند پزیشکێکی پسپۆڕ هەن، کەچی شارەکانی دیکەی پارێزگاکەش پێویستیان بەو پزیشکە پسپۆڕانە هەیە."
 
بەهرام دۆلفان هۆکاری نەبوونی پزیشکی پسپۆڕ لە لوڕستان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ساڵانە ژمارەیەکی کەم لە زانکۆکان وەردەگیرێن، لە لایەکی دیکەشەوە پزیشکی پسپۆڕ لە پارێزگایەکی پشتگوێخراوی وەکو لوڕستاندا نامێنێتەوە.
 
بە گوتەی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی لوڕستان، داهات هۆکارێکی گرنگە بۆ مانەوەی پزیشکە پسپۆڕەکان لەو پارێزگایەدا، لەگەڵ ئەوەشدا مووچەکەشیان درەنگ پێدەدرێت، ئەوان هەروەها خانووبەرە و پێداویستیی دیکەیان پێویستە.
 
ئەو پزیشکە پسپۆڕانەی دەچنە لوڕستان، بەشی زۆریان دوای تەواوبوونی زانکۆ دەچن و دوای ئەوەی ئەرکەکەیان تەواو دەبێت، دەگەڕێنەوە بۆ شارە گەورەکان. مووچەی پزیشکەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا زۆر کەمە، بۆیە ئەو پزیشکانە روو لە شارە گەورەکان دەکەن کە دەرفەت بۆ داهاتی زۆر زیاترە.
 
ئێستا پزیشکەکان لە شارە گەورەکانیشدا بەهۆی کەمبوونی داهاتیانەوە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی دیکە، ئەو دیاردەیە وایکردووە پارێزگا پەراوێزخراوەکانی وەکو لوڕستان بۆ پزیشک و پزیشکە پسپۆڕەکان جێی سەرنج نەبن. بۆیە ساڵانێکی زۆرە بەرپرسانی پارێزگای لوڕستان باس لە کێشەی نەبوونی پزیشک دەکەن و ئەم کێشەیە هێشتا چارەسەر نەبووە.