خستنەڕووی بەرهەمەکانی ئێران لە بازاڕەکانی عێراقدا پاشەکشە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سزا داراییەکانی سەر ئێران، خەریکە بازاڕی عێراق لەو وڵاتە دوور دەخاتەوە و پلەی یەکەمی بێ رکابەری لێوەردەگیرێتەوە، بەرهەمهێنەرێکی ئێرانی دەڵێت، بازرگانانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بۆ هەر دۆلارێک 1300 دینار دەدەن، بەڵام رێگە نادرێت دۆلار بهێرێتە ئێران بە ناچاری دەبێت لە بازاڕی ئازاد بە 1650 بکڕدرێت، ئەمەش بازرگانانی عێراقی لە ئێران کشاندووەتەوە.
عەلی ڕەزا کولاهی، بەرهەمهێنەرێکی ئێرانییە، دەڵێت، "لە بازاڕی عێراقدا کێشەی زۆر قووڵمان هەیە؛ جیاوازیی نێوان دۆلار و دینار لە بازاڕی عێراقدا بەراورد بە سیستمی بانکیی گەیشتووەتە 23٪. بازرگانی عێراقی ئەگەر لەگەڵ هەر وڵاتێک، جگە لە ئێران، بیەوێت بازرگانی بکات، فۆرمەکەی دەباتە بانک و بۆ هەر دۆلارێک هەزار و 300 دینار دەدات و کەلوپەلەکەی وەردەگرێت، بەڵام بۆ کاڵا و کەلوپەلی ئێرانی دەبێت بچێتە بازاڕی ئازاد و بۆ هەر دۆلارێک هەزار و 650 دینار بدات، ئەمەش بۆ بەرهەمهێنەری ئێرانی جێبەجێ نابێت. ئێستاش هەناردەی ئێران بۆ عێراق وەستاوە و ئەگەر بەشێوەی جدی بیری لێ نەکەینەوە، ئەم بازاڕە گرنگە لە دەستمان دەردەچێت."
ئێران ئەم کێشەیەی تەنیا لەگەڵ عێراق نییە، بەڵکو لە زۆرینەی بازاڕە دەرەکییەکاندا دۆخی هاوشێوەی هەیە، بۆیە لە چەند مانگی رابردوودا ئاستی هەناردەی ئێران کەم بووەتەوە.
محەممەد ڕەزاپوور ئیبراهیمی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، "لە پەرلەماندا پێشوازییمان لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی دراودا کرد، لە بواری هەناردەدا هەنگاوی ئەرێنی هەڵبگرین، هاوسەنگ بوونی هەناردە و هاوردە بۆ خۆی یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی بەهای تمەن دابشکێت، بەڵام وادیارە کارکردنی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پار جیاوازی هەیە. لێکۆڵینەوەکانی ئێمە نیشانی دەدەن کە هەناردەی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پار بەهای هەناردەمان شەش ملیار دۆلار کەمتر لە هاوردەیە، تەنانەت ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا روودەدات، هۆکاری ئەمەش بۆ سیاسەتی بانکی ناوەندیی لە بواری دراودا دەگەڕێتەوە."
بەرپرس لە ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێت، بابەتی دراو تەنیا یەکێک لە کێشەکانە، بەڵکو ئێستا زۆر لە هەناردەکاران لە وڵاتانی دیکەوە کارەکانیان رادەپەڕێنن، یاسا و رێوشوێنەکان کۆسپیان دروست کردووە و بەهۆی گەمارۆکانەوە ژمارەی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران کەم بووەتەوە.
بابەتێکی دیکە، پرسی ئێف ئەی تی ئێفە، واتە دامەزراوەی رێگری لە سپیکردنەوەی پارە کە ئێران تائێستا نەیویستووە قبووڵی بکات. جەواد حوسێنی کیا، پەرلەمانتارێکە لە ئێران لەوبارەیەوە بۆچوونی خۆی پێشاندا و گوتی، "ئێف ئەی تی ئێف دەیەوێت هەموو زانیارییەکانی وڵات بدات بە تۆڕە سیخوڕییەکانی دوژمنان، ئەمە ناکرێت. مەگەر ئەوان ئەم جۆرە زانیارییانە دەدەن بە ئێمە؟ هۆکاری بەشێک لەو تێچووە قورسەی ئێستا ئێمە دەیدەین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەوان نەیانتوانیوە یارییەکی روونمان لەگەڵ بکەن، بۆیە ناچارین باز بەسەر گەمارۆکاندا بدەین، ئەگەر پابەندی ئێف ئەی تی ئێف بین، هەموو ئەو کۆمپانیانەی نەوتی ئێران دەکڕن، هەموو گەمارۆیان دەخرێتەسەر."
مێهراد عەباد، جێگری کۆمسیۆنی ئاسانکاری و پەرەپێدانی ژووری بازرگانیی تاران، دەڵێت، بابەتی دراو تەنیا یەکێک لە کێشەکانە، بەڵکو ئێستا زۆر لە هەناردەکاران لە وڵاتانی دیکەوە کارەکانیان رادەپەڕێنن، یاسا و رێوشوێنەکان کۆسپیان دروست کردووە و بەهۆی گەمارۆکانەوە ژمارەی هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران کەم بووەتەوە.
بەرپرسانی حکومەتی ئێران بە گەشبینییەوە سەیری داهاتووی هەناردەی ئێران دەکەن و دەڵێن، گەشە دەکات، بەڵام بازرگانانان بە پێچەوانەی حکومەتی وڵاتەکەیانەوە بیردەکەنەوە و بە دۆخەکە گەشبین نین.