قالیباف بۆ پزیشکیان: گۆڕانکاری نەکەیت لە وەزیرەکانت دەپرسینەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئیران لەبارەی خراپیی دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵک، هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت، ئەگەر گۆڕانکاریی پێویست نەکرێت، لێپرسینەوە لە وەزیرەکان لە لایەن پەرلەمانەوە دەستپێدەکات.
 
یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی نرخی تمەن کرد و رایگەیاند: "ئەوەی گرنگە ئەمڕۆ باسی بکەین، کێشە و نیگەرانییەکانی خەڵکە لەبارەی بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان، بۆیە پەرلەمان بە شێوەیەکی جیدی بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە دەکات."
 
محەممەدباقر قالیباف گوتی، لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵان و گرانییەکان، لەگەڵ چەندین وەزیر و بەرپرسی دیکەی حکومەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەتەوە و پرسەکەیان تاوتوێ کردووە.
 
بڕیارە رۆژی سێشەممە پەرلەمان میوانداریی وەزیرانی ئابووری، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و بازرگانی، سەرۆکی بانکی ناوەندی و سەرۆکی رێکخراوی پلاندانان و بودجە بکات.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا رێوشوێنەکانی حکومەت بۆ پاراستنی توانای کڕینی خەڵک، چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەی کۆبۆنی خۆراک و کۆنترۆڵکردنی هەڵبەز و دابەزی نرخی دراوە بیانییەکان تاوتوێ دەکرێت."
 
محەممەدباقر قالیباف هۆشداری دەداتە حکومەت و دەڵێت، "ئەگەر ئەم رێوشوێنانە ئەنجامیان نەبێت، کاری لەپێشینە ئەوەیە حکومەت دەستکاریی کابینە بکات، بەڵام ئەگەر چاکسازیی پێویست لە لایەن حکومەتەوە نەکرێت، پەرلەمانتاران ناچار دەبن پرۆسەی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان دەستپێبکەن."