هەرانا: لە خۆپێشاندانەکانی ئێران 4902 کەس کوژراون

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ - هرانا ئاشکرای دەکات، کوژرانی چوار هەزار و 902 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زیاتر لە 9 هەزار کەسی دیکەش دەکەن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 22-01-2026، ئاژانسی هەرانا نوێترین ئاماری قوربانییان و دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە. بە گوێرەی ئامارەکە، لەنێو کوژراوەکان دا 40 منداڵ و 209 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان هەن.
 
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جگە لەو ژمارەیە، بەدواداچوون بۆ پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی 9 هەزار و 387 کەسی دیکە دەکەن. هاوکات حەوت هەزار و 389 کەس برینداربوون کە برینی بەشێکیان سەختە.
 
سەبارەت بە دەستگیرکراوانیش، لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ تاوەکو ئێستا 26 هەزار و 541 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش دانپێدانانی زۆرەملێی 181 کەسیان بڵاوکردووەتەوە.
 
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان، رۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران ئامارێکی جیاوازی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کۆی سێ هەزار و 117 کەس کە لە رووداوەکاندا کوژراون، "دوو هەزار و 427 کەسیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران دەڵێت، لە دوای 8ـی کانوونی دووەمەوە خۆپێشاندانەکان بەرەو تووندوتیژی رۆیشتوون و زیان بە بازاڕ، بانک و شوێنە گشتییەکان گەیشتووە. ئەنجوومەنەکە خۆپێشاندەران بەوە تۆمەتبار دەکات کە "تاوانی هاوشێوەی داعش وەکو سووتاندنی خەڵک، سەربڕین و بەکارهێنانی چەکی گەرمیان ئەنجامداوە."
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 28ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد، دواتر پەڕیەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە و گرژی و تووندوتیژی لێکەوتەوە.