پزیشکیان: لە دانوستاندنەکانی ئەم دواییەدا ئالۆگۆڕی پێشنیازە کردەییەکان کرا

رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دانوستاندنەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا ئاماژەی ئەرێنی و هاندەرانەی پێوە دیارە و ئالۆگۆڕی پێشنیازە کردەییەکان کراوە.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران شەوی یەکشەممە 22-02-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئێران پابەندە بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
 
مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، لە دانوستاندنەکاندا شاندی هەردوو وڵات پێشنیازیان ئالۆگۆڕ کردووە و گوتی: "دانوستاندنەکانی ئەم دواییە ئالۆگۆڕی پێشنیازە کردەییەکان و ئاماژەی هاندەرانەی لەخۆگرتبوو."
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەسەر ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆیەک کردەوە و رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام لە نزیکەوە چاودێریی کردەوەکانی ئەمریکا دەکەین و هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان بۆ ئەگەری روودانی هەر سیناریۆیەک کردووە."
 
پەیامی مەسعود پزیشکیان لە کاتێکدایە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی سی بی ئێس رایگەیاند، بڕیار وایە رۆژی پێنجشەممە لە جنێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا کۆببێتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، خەریکی داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنەکەن و گۆڕینەوەی پێشنیازەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستیپێکردووە.
 
عەباس عێراقچی رایگەیاند: "ئێمە هێشتا کاری لەسەر دەکەین و هەوڵی ئەوە دەدەین کە ئەو خالانە لەخۆ بگرێت کە بتوانێ نیگەرانی و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا لەبەرچاو بگرێت. ئێمە کار لەسەر ئەم خالانە دەکەین و لەو بڕوایەدام کاتێک ئەم پێنجشەممەیە لە جنێڤ کۆدەبینەوە، بتوانین کار لەسەر ئەم خاڵانە بکەین و دەقێکی باش ئامادە بکەین و بگەینە رێککەوتنێکی خێرا."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشی کردەوە، دیپلۆماسی "تاکە رێگەیە" بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.