لە تاران گرووپی چیا دانیشتووانی شارەکە فێری هەڵپەڕکێ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامانی گرووپی چیا لە تاران کە زۆرینەیان کەسانی خوێندەوار و دەرچووی زانکۆن، هەفتانە جارێک یان زیاتر کۆدەبنەوە و راهێنان لەسەر شێوازە جیاوازەکانی هەڵپەڕکێ دەکەن. 
 
نوسەیبە حەیدەری، دکتۆرای فەلسەفە و ئەندامی گرووپی چیا گوتی، "من کە هاتمە ناو ئەم گرووپە تەنیا ویستم لەڕووی دەروونییەوە ئاسوودە بم، هەستمکرد کە ئەرکی سەرشانی هەموومانە ئەوە کولتوورە بپارێزین و پەرەی پێبدەین."
 
سروە بابولی، ئەندامی گرووپی چیا باسی لەوە کرد، "سەما یەکێک لە پێویستییەکانی هەر مرۆڤێکە کە لەڕووی دەروونییەوە پێویستیی پێیەتی، ئێمە هەوڵدەدەین کە فەرهەنگ و کولتووری کوردی کە خۆمان زۆر چێژی لێدەبینین بە تەواوی ئێراندا بڵاوبکەینەوە." 
 
سەرپەرشتیاری گرووپەکە وریا بوجارە. کارناسی هونەرە ئایینییەکان، ژەنیاری دەهۆڵ و مامۆستای هەڵپەڕکێ. لە ساڵی 1996ـەوە لە تاران هەڵپەڕکێ فێری خەڵک دەکات و هەر بەو کەسانە، گرووپی چیای پێکهێناوە.
 
وریا بوجار، ژەنیار و سەرپەرشتیاری گرووپی چیا ئاماژە بەوە دەکات، "نەتەوەی جۆراوجۆر هەن، ئێمەش دەبێ وەکو کورد ئەوشتە بپارێزین کە لەخۆماندا هەیە کە بۆ تەواوی مرۆڤایەتیی رێگەپێدراوە، جا ئێمەش خەریکین ئەو کارە دەکەین بەدەسەڵاتی خۆمان." 
 
پێکهاتەی ئەندامانی ئەو گرووپە لەڕووی نەتەوەییەوە جیاوازە. کەسانی سەر بە هەموو پێکهاتە نەتەوەییەکانی نێو ئێرانی تێدایە.
 
سیاوەش سەکینەپوور، ئەندازیاری بیناسازی و ئەندامی گرووپی چیا دەڵێت، "هەموو نەتەوەیەکی ئێران لەم گرووپەدا هەن، لەنێو کوردەکانیشدا هەموو هۆزەکانی تێدایە، عەرەب، ئازەربایجانی و تورکمانیشی تێدایە و بەیەکەوە هەڵدەپەڕین." 
 
رەسەنبوون و سەرنجڕاکێشی هەڵپەڕکێ، ئەو کەسانەی هانداوە خۆیان فێری ئەو هونەر و سەما تایبەتە بکەن. 
 
زەهرا حوسێنی، دکتۆرای جوگرافیا و ئەندامی گرووپی چیا باس لەوە دەکات، "نزیکەی حەوت هەشت ساڵ بەدوای گرووپێکدا دەگەڕام کە بتوانم شوناسی راستەقینەی سەمای تێدا بدۆزمەوە و بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم چیا ئەو گرووپەیە کە بەدوایدا دەگەڕام و توانیم ئەو گرووپە بدۆزمەوە."
 
ئەیام دێهقانی، ئەندامێکی دیکەی گرووپی چیایە و گوتی، "کۆرس و دامەزراوەی وەکو چیا هاوکار دەبن بۆ زیندوو راگرتنی کولتوور و ئەو سامانە سەمبولیکە. سامانێک کە بە بڕوای من دەتوانێ یارمەتی بە گەشەپێدانی گەشتیاریش بکات."
 
چالاکییەکانی گرووپی چیا کاریگەری لەسەر روانینی کەسانی سەر بە پێکهاتەکانی دیکە لەسەر کوردیش داناوە و هانیداون زیاتر بەدوای کولتوور و هونەری کوردیدا بچن.
 
کەریم ئاباریان، ئەندامی گرووپی چیا ئەوەی خستەڕوو، "جێگەی شانازییە بۆ من کە حەوت ساڵێکە لە خزمەت ئەو گرووپەدام. لەو رێگەیەوە و هەروەها بەهۆی ئەو سەردانانەی لەگەڵ گرووپەکە بۆ شاری دیکەی دەکەین بە شانازییەوە کوردم ناسی و دەزانم کە ئاڵای کورد شەکاوەیە و لەو ماوەدا کە هاتووم خەریکە فێری کوردیش دەبم."
 
لە گرووپی چیا، ژن و پیاو پێکەوە هەڵدەپەڕن و پێکهاتەی گرووپەکە خێزانییە. رێگە بە کەسانی سەڵت نادرێ بچنە نێو گرووپەکە و ئەندامان دەبێ لەگەڵ هاوژین یان خوشک و برایان بن.