دەیان رێکخراو داوا دەکەن ماوەی کارکردنی ریپۆرتێرانی UN لەبارەی ئێران درێژ بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەیان رێکخراوی مافی مرۆڤ داوا لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، دەنگ بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و، لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بدەن.
181 رێکخراوی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان، کوردستان و ئێران لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران جێی نیگەرانییە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایی ئاشتییانەی خەڵک و دەستبەسەرکردنی نایاسایی ناڕازییان و ئەشکەنجەکردنیان.
ئەو رێکخراوانە سەرنجی وڵاتان بۆ دۆخی ژنان، پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان رادەکێشن و دەڵێن، بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێنە ئامانج.
رێکخراوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و، لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022ی ئێراندا، گرنگە بۆ بەدواداچوونی پێشێلکارییەکان لەو وڵاتەدا.
55ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە کارەکانی کۆبوونەوەکە بڕیاردانە لەسەر بەردەوامی یان کۆتاییهێنان بە ماوەی کارکردنی ریپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و، لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ناڕەزاییەکانی 2022دا.