ئێران لە وەڵامی ترەمپ دا کۆمەڵێک ئامانج دیاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی، وەڵامێکی "سەخت"ی دەبێت و دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئەوان لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.
 
 ئەمڕۆ یەکشەممە 22-03-2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، وەڵامی هۆشدارییەکی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، ئەگەر ژێرخانی سووتەمەنی و وزەی ئێران لەلایەن دوژمنەوە دەستدرێژیی بکرێتە سەر، ئەوا سەرجەم ژێرخانەکانی وزە، تەکنەلۆژیای زانیاری و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، دەکرێنە ئامانج. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند دایە ئێران، کە دەبێت لە ماوەی 48 کاژێردا تەنگەی هورمز بکاتەوە، ئەگەر نا، ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگەکانی کارەبای ئێران و لەنێویان دەبات.