وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵکی 50 کەسی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، 23 کەسیان لە پارێزگای مەرکەزی دەستگیر کردووە، کە وردەکاری شوێنە سەربازییەکان و شوێنی جێگێربوونی هێزەکانی پاراستنی ئاسایشیان بۆ میدیای دژبەر داوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئیتلاعات، کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە؛ "لە پارێزگای گوڵستان گرووپێکی 2 کەسی دەستگیرکراون کە دەیانویست بنکەیەکی پاراستنی ئاسایشی چەک بکەن و دواتر هێرش بکەنە سەر ناوەندەکانی چەک و تەقەمەنی لە پارێزگاکە."
بە گوتەی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، "بەڵگەی پێویست لەسەر کاری تاوانکارانەی 15 بەکرێگیراوی فارسی زمانی دووژمن لە دەرەوەی وڵات دراوەتە دەسەڵاتی دادوەری تاوەکو دەست بەسەر موڵک و ماڵی بەجێماویان لە ئێراندا بگرێت."
لەگەڵ دەستپێکی شەڕ، بەرپرسانی سەربازی ئێران رایانگەیاند؛ لەمەو بەدوا کار بە "یاسای شەڕ" دەکرێت و دەسەڵاتی دادوەری ئێران جەختی کردەوە؛ "هەر کەسێک وێنەی شوێنە بۆردوومانکراوەکان بگرێت و هاوکاریی میدیایی دژبەری دەسەڵات بکات، بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر دەکرێت و سزا دەدرێت."
ماوە ماوە دەسەڵاتی دادوەری ئێران، وەزارەتی ئیتلاعات و فەرماندەیی پۆلیسی ئاسایشی ناوخۆ (نیروی ئینتزامی) ئاماری دەستگیرکردنی خەڵک بە تۆمەتی هاوکاریی میدیا دژبەرەکانی ئێران و گەیاندنی زانیاری و دیمەنی شوێنە سەربازییەکان بڵاو دەکەنەوە.
ئێستا ئەم رێکارانە بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانیشی گرتووەتەوە و رۆژی یەکشەممە، ناوەندی راگەیاندنی دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، "بەشێک لە ئاژانس و پێگە ئەلەکترۆنییەکان بەهۆی پشتیوانی و هاودەنگی لەگەڵ دووژمن داخراون."