ئێران.. ئەم ساڵ بەهۆی جەنگەوە ئاهەنگی نەورۆز نەکرا


رووداو دیجیتاڵ

لە ژێر سێبەری بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دا، ئەم ساڵ ئاهەنگی نەورۆز لە ئێران بەگشتی و تاران بەتایبەتی جیاوازە. خەڵک لە ترسی گیانی خۆیان شارەکانیان جێهێشتووە و بازاڕەکانی پایتەخت چۆڵن.
 
ساڵانی پێشتر، لە نێو بازاڕەکانی تارانی پایتەخت، خەڵک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە نەورۆز دەکرد، بەڵام ئەم ساڵ دیمەنەکە بە تەواوی گۆڕاوە.
 
ڤیدا، دانیشتوویەکی تارانە و بە حەسرەتەوە باسی نەورۆزەکانی پێشوو دەکات: "نەورۆز بۆ ئێمە زۆر گرنگە. باوکم لە بیجاڕی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت ئەگەر ساتی سەری ساڵ کاژێر چواری بەیانیش بووایە، دڵنیا دەبووەوە کە هەموومان کۆببینەوە. بەڵام ئەمساڵ، تەنانەت کچەکەم و هاوژینەکەی و نەوەکانیشم تارانیان جێهێشتووە."
 
ئێران بە گشتی و تاران بەتایبەتی لەژێر بۆردوومانێکی سەختی ئەمریکا و ئیسرائیلدان. بەگوێرەی ئامارەکانی دامەزراوەی خانووبەرەی ئێران، تاوەکو ئێستا بۆردوومانەکان زیانیان بە 70 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی بازرگانی گەیاندووە، کە زیاتر لە 18 هەزاریان لە تاران بوون.
 
دەرهەخشان، دانیشتوویەکی دیکەی تارانە و باسی چۆڵیی شارەکە دەکات: "راستییەکەی، من بۆ زۆربەی پشووەکان دەچمە دەرەوەی ئێران، چونکە پشووەکان لێرە زۆر قەرەباڵخن، بەڵام ئەم ساڵ دووکانەکان داخراون و خەڵکێکی زۆر نابینرێت؛ بەشێکی بەهۆی جەنگەکەوەیە و بەشێکی دیکەشی بەهۆی ئەوەی خەڵک چوون بۆ شارەکانی دیکە."
 
جەنگەکە پێی ناوەتە هەفتەی چوارەمەوە و لێدوانە فەرمییەکانی بەرپرسانی هەردوو بەرە ئاماژەن بۆ درێژەکێشانی نەک کۆتاییهاتنی. واشنتن کۆمەڵێک مەرجی سیاسی و سەربازیی بۆ تاران داناوە، لە بەرامبەریشدا تاران ژمارەیەک مەرجی ئابووری و گەرەنتیی هێرشنەکردنەوەی دەوێت؛ لەم نێوەندەشدا تەنیا خەڵکی سڤیل باجێکی گەورە دەدەن.