سوپای پاسداران: باڵادەستیی مووشەکیمان بەسەر ئاسمانی ئیسرائیل دا رادەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، پەیامێکی توند ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "باڵادەستیی مووشەکیی ئێران" بەسەر ئاسمانی ئیسرائیل دا دەستیپێکردووە.
سەید مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "لەم ساتەوە، باڵادەستیی مووشەکیی کوڕانی ئێران بەسەر ئاسمانی خاکە داگیرکراوەکاندا (ئیسرائیل) رادەگەیێنم."
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران هۆشداریدەداتە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "لەو شەپۆلانەی لە پێشن، تەکتیک و سیستەمی نوێی هاوێشتنی مووشەک بەکاردەهێنرێن کە فەرماندە ئەمریکی و زایۆنییەکان تووشی سەرسوڕمان دەکەن."
مووسەوی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە هێرشەکان بەردەوام دەبن و نووسیویەتی: "ئەمشەو ئاسمانی باشووری خاکە داگیرکراوەکان بۆ ماوەی چەندین کاژێر بە روونی دەمێنێتەوە."
ئەم لێدوانانەی فەرماندەکەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، لە شەپۆڵێکی نوێی هێرشەکانیدا بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای پاسداران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر شارەکانی عەراد و دیمۆنا لە ئیسرائیل.
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە نەیتوانیەوە بەرپەرچی مووشەکەکانی ئێران بداتەوە و چەندین مووشەک لە دیمۆنا و عەراد کەوتنە خوارەوە.
فریاگوزاری ئیسرائیل رایگەیاند، ژمارەی بریندارانی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر عەراد و دیمۆنا گەیشتە 175 کەس.
میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، سوپاسالاری ئیسرائیل لەبارەی شکستی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە بۆ بەرپەرچدانەوە و خستنەوەی مووشەکە ئێرانییەکان، لێکۆڵینەوە دەکات