ئەنجوومەنی شاری تاران: 500 ملیار تمەن بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە تەرخان دەکرێ

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی شاری تاران دەڵێ، بودجەی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی تارانی پایتەخت بۆ ساڵی 2026 بە رێژەی 20% زیادکراوە و گەیشتووەتە 500 ملیار تمەن (3.33 ملیۆن دۆلار)، ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو ئەو بڕە 400 ملیار تمەن بوو.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، زیانێکی زۆر بەر کەرتی شوێنەواریی کولتووریی ئێران کەوتووە و بە پێی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی میراتی کولتووری، 140 شوێنەوار لە 20 پارێزگای جیاواز زیانیان بەرکەوتووە. تاران بە 63 شوێنەواری زیانبەرکەوتوو، زۆرترین پشکی زیانەکانی بەرکەوتووە، لەوانەش کۆشکی سەعدئاباد و کۆشکی گوڵستان دوو شوێنەواری گرنگی ئێران زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
 
پاش ئەویش ئیسفەهان بە 23 شوێنەوار زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
 
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، 12 شوێنەواری دیاری پارێزگای سنە زیانیان بەرکەوتووە و گرنگترینیان بریتین لە تەلاری سالار سەعید (مۆزەخانەی شوێنەوارناسیی سنە)، مۆزەخانەی خەسرەوئاباد و تەلاری ئاسف وەزیری (ماڵی کورد).
 
هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن، قەبارەی گشتیی ئەو زیانانەی بەر شوێنەوارەکان کەوتووە بە 7.5 هەزار ملیار تمەن( 50 ملیۆن دۆلار) خەمڵێندراوە.
 
زیانەکان پارێزگاکانی دیکەشیان گرتووەتەوە، لەوانەش پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان.