قالیباف: بە دەستدرێژی سەربازی نەگەیشتنە ئامانج بە هەڕەشەش ناگەن


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت؛ ناتوانرێت گەرووی هورمز بە پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەست بکرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 22ی نیسانی 2026، محەممە دباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند:" ئاگربەستێکی تەواو کاتێک مانای هەیە کە بە گەمارۆی دەریایی و بارمتەگرتنی ئابووری جیهانی پێشێل نەکرێت."
 
قالیباف گوتی:" پێویستە شەڕخوازی زایۆنیستی لە هەموو بەرەکاندا رابگیرێت."
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد،" ناتوانرێت گەرووی هورمز بە پێشێلکاری ئاشکرای ئاگربەست بکرێتەوە."
 
 قالیباف گوتی:" بە دەستدرێژی سەربازی نەگەیشتنە ئامانج بە بە هەڕەشەش ناگەن تاکە رێگە قبووڵکردنی مافی گەلی ئێرانە."
 
 ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی ئێستا [لەگەڵ ئێران] درێژ دەکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردایەتییە دابەشبووەکەی ئێران دەگەنە "پێشنیازێکی یەکگرتوو."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست (New York Post) رایگەیاند، رەنگە تاوەکو رۆژی هەینی [24-04-2026] هەواڵی خۆش لەبارەی گەڕی نوێی دانوستاندنەکانەوە ببیستین.
 
سەرچاوەکان لە ئیسلامئابادیش ئاماژە بەوە دەکەن، لە 36 بۆ 72 کاژێری داهاتوودا ئەگەری دروستبوونی "وەرچەرخانێک" لە دانوستاندنەکان دا هەیە.