سوپای پاسداران: وڵاتانی کەنداو هاوکاریی دووژمنانمان بکەن، توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان ناهێڵین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێ، ئەگەر خاکەکەیان لە خزمەت ''دووژمنان''ی ئێراندا بێت، ئەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان لەنێودەبەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-04-2026، مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا رووی قسەکانی کردە خەڵکی ئێران و رایگەیاند، ''ئەگەر دووژمن هەڵەیەک بکات و دەستدرێژی بکاتە سەر خاکەکەمان، ئەم جارە هەر شوێنێک کە ئێوە بڵێن، دەکرێتە ئامانج.''
لە بەشێکی قسەکانیدا، مەجید موسەوی هەڕەشە لە وڵاتانی کەنداو دەکات و دەڵێت، ''دراوسێکانی باشووری ئێران بزانن، ئەگەر جوگرافیا و تواناکانی ئەوان لە خزمەت دووژمندا بێت بۆ هێرشکردنە سەرمان، ئەوە دەبێ ماڵئاوایی لە بەرهەمهێنانی نەوت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن."
قسەکانی فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لەکاتێکدان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوان تاران و واشنتن کۆتایی دەهات، بەڵام دوێنێ شەو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیەڵ نووسی، ''فەرمانم دا بە سوپاکەمان کە بەردەوام بێ لە گەمارۆکەی (گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران) و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە."
ترەمپ گوتیشی، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکێش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت."
لەلایەکی دیکەوە پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپاکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ''لەوپەڕی ئامادەییداین بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ. ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەکلاییکەرەوانە لەگەڵ دووژمن.''