جێگری سەرۆککۆماری ئێران: جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت نادادپەروەرانەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران ئینتەرنێتی پۆلێنکراو بە ''نادادپەرەرانە'' دەزانێت و دەڵێت، ''هەر جۆرە سنووردارکردن یان دروستکردنی جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، دەبێتەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە سوودوەرگرتن لە دەرفەتە دیجیتاڵییەکان.''
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-04-2026، محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران سەبارەت بە دۆخی ئینتەرنێت لە وڵاتەکەی رایگەیاند، ''ئەمڕۆ ئینتەرنێت بووەتە یەکێک لە پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک و پێویستە وەک مافێکی گشتی بۆ هەموو هاووڵاتییان بە فەرمی بناسرێ.''
 
محەممەدڕەزا عارف وەک ئاماژەیەک بە ئینتەرنێتی پۆلێنکراو گوتی، ''هەر جۆرە سنووردارکردن یان دروستکردنی جیاکاری لە دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت، دەبێتەهۆی دروستبوونی بۆشایی لە سوودوەرگرتن لە دەرفەتە دیجیتاڵییەکان و پێویستە خۆی لێ بپارێزرێ.''
 
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران پێیوایە، دەبێ دەستڕاگەیشتنی ''یەکسان و بێ جیاوازی'' بە ئینتەرنێت بۆ هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەی وڵاتەکە دابین بکرێ و پێویستە داڕشتنی سیاسەت لەوبارەوە، لەسەر بنەمای ''دادپەروەریی دیجیتاڵی'' بێت.
 
بەگوتەی محەممەدڕەزا عارف، ئینتەرنێتی پۆلێنکراو و هەر میکانیزمێک کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەستڕاگەیشتن بێت، لەگەڵ تێڕوانینی ''دادپەروەرانە''ـی حکومەتی ئێران ناگونجێت.
 
ژمارەیەک کەسی نزیک یان سەر بە حکومەت لە ئێران دەتوانن لە رێگەی (سیمکارتی سپی) سوود لە ئینتەرنێت وەربگرن بۆ پەیوەندیکردن بە جیهانەوە. ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی ئاسایی لێکەوتووەتەوە کە لە سەرەتای جەنگەوە ئینتەرنێتی جیهانییان بڕاوە.
 
بڕینی ئینتەرنێت کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ پێی ناوەتە 54ـەمین رۆژی خۆیەوە و هێشتا دیار نییە، حکومەتی ئێران کەی دۆخەکە ئاسایی دەکاتەوە.
 
بەگوتەی ئەفشین کولاهی، سەرۆکی لیژنەی کۆمپانیا تازە دامەزراوەکان لە ژووری بازرگانیی ئێران، بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، زیانی راستەوخۆی بڕینی ئینتەرنێت لە وڵاتەکە لەنێوان 30 ملیۆن تاوەکو 40 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا. هەروەها زیانە ناڕاستەوخۆکانیشی نزیکەی 70 ملیۆن تاوەکو 80 ملیۆن دۆلارە لە رۆژێکدا.