ئیسماعیل بەقایی دەبێتە گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکاری ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلایەن محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێرانەوە وەک گوتەبێژی شاندەکە دەستنیشان کرا.
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026 محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران؛ ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک گوتەبێژی فەرمیی شاندەکە دەستنیشان کرد.
میدیای فەرمیی ئێران فەرمانی دەستنیشانکردنەکەی بڵاوکردەوە، کە ئاراستەی بەقایی کراوە و تێیدا هاتووە، "بەو پێیەی بەڕێزتان لە کەسە شارەزاکانن لە بواری یاسای نێودەوڵەتی، ئەزموونی گونجاویشتان لە بواری دیپلۆماسی هەیە و لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتی گوتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەتان لەئەستۆیە، جەنابتان وەک گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکار دیاری دەکەم."
شاندی دانوستاندنکاری ئێران 11ی نیسانی 2026 لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان لەگەڵ شاندی دانوستاندنی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، بەڵام هیچ پێشکەوتنێک بەدەست نەهات.
دەستنیشانکردنی بەقایی وەک گوتەبێژی شاندی دانوستاندنکار لە کاتێکدایە، هەوڵێکی چڕی نێوەندگیری هەیە بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئێران رێبکەون و هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە هەفتەکانی داهاتوودا دانوستاندن دەست پێبکاتەوە.