سوپای پاسداران: لە 24 کاژێری رابردوودا رێگەمان داوە بە تێپەڕبوونی 35 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا

 
رووداو دیجیتاڵ

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، لە 24 کاژێری رابردوودا رێگەیان بە تێپەڕبوونی 35 کەشتیی بازرگانی و گواستنەوەی نەوت بە تەنگەی هورمزدا داوە.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایاری 2026 بڵاویکردەوە، 35 کەشتی لە جۆرەکانی گواستنەوەی نەوت، گواستنەوەی بار و بازرگانی، دوای وەرگرتنی مۆڵەت و بە هاوئاهەنگی و دابینکردنی ئاسایشی کەشتییەکان لەلایەن هێزی دەریایی سوپاوە، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون.
 
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەکات کە "سەرەڕای ئەو نائارامییەی بەهۆی دەستدرێژییەکانی سوپای ئەمریکاوە لە تەنگەی هورمز دروستبووە، هێزی دەریایی سوپا توانیویەتی رێڕۆیەکی ئارام بۆ کەشتیوانی و بەردەوامیی بازرگانیی جیهانی دەستەبەر بکات."
 
دامەزراوەی (بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز) کە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕۆ ئاوییەکە دامەزراوە، دەڵێ، هاتۆچووکردن بە تەنگەی هورمزدا پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکە و بەدەستهێنانی مۆڵەتی هەیە. 
 
حکومەتی ئێرانیش دەڵێ، "سیستەمێکی پشکنین و پەڕینەوە"ی دامەزراندووە. بەپێی ئەم سیستمە، ئێران تەنیا رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتیی ئەو وڵاتانە دەدات کە وەک "وڵاتی دۆست" پێناسەیان دەکات.